نەورۆز و ئەفسانە و مێژوو

ئارام قادر حمە سور
مێژوو مەتاتێکی نایابە، بەکەیفی مرۆڤ جووڵەی پێ دەکرێت، زۆرجار مێژوو یاریگایەکە بۆ درووستکردنی حەقیقەتی ساختە، ئەم حەقیقەتانە لەبەر هۆکاری ئاینیی و ساسیی و مەزهەبیی و نەتەوەیی و داگیرکاری و….هتد گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و کۆمەڵگەیان پێ دەگەوجێنرێت، زۆرجار پێویستییان بە ئاوڕدانەوە هەیە.
نەوروز تایبەتە بەنەتەوە ئارییەکان و سەری ساڵی کورد و ئیرانیی و ئەفغانییە، ئەفسانەی نەورۆز لای کورد کاوە کوردە و لەسەری زووحاکی خوێنڕێژ دەدات و دەیکوژێ. سەرچاوەی تر هەیە کە کاوە کوردنییە و خیانەتی لە زووحاکی پاشای کوردان کردووە. ئەفسانەی نەورۆز مووڵکی نەتەوەیەک نییە و پێویست ناکات گەشکە بین.
سەری ساڵی کوردیی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی ماددەوە هاتووە ۲۷۲۱ ساڵ لەمەوبەر، بەڵام گەر بپرسین ۷۰۰ساڵ پێش زایین ماددەکان خاوەن دەوڵەت بوون؟
بێگومان بەگەڕانەوە بۆ ڕابوردووی ۷۰۰ساڵ پێش زایین ڕووداوێکی واگرنگ نەبووە تاشایەنی باس بێت و بکرێتە سەری ساڵی نەتەوەیی. ۷۰۰ ساڵ پێش زایین بە وردی ماددەکان زۆر لاوازبوون و چەند تیرەیەک بوون.
گەر پەیوەندی بەڕووخانی دەوڵەتی ئاشورییەوە هەبێت ئەوە ٦۱۲ساڵ پێش زایین ڕووخاوە بەسەرۆکایەتی کەیخوسرەوی میدییەکان، ئەگەر سەری ساڵی کوردیی پەیوەندی بەڕووخانی ئاشوورییەکانەوە هەبێت ساڵی کوردی هەڵەیە، لەبری ۲۷۲۱ ئێستا دەبێت ۲٦۳۳، چونکە ٦۱۲ساڵ پێش زایین ئاشوورییەکان ڕوخان و ماددەکان خۆیان سەلماند.
بۆیە نووسەر نەوشیروان مستەفا دەڵێت “ساڵی کوردیی لەساڵی هیچ میللەتێکی دوونیا ناچێت، وەپێی وایە نەدەبوو مێژوونووسان ئەو بەروارە هەڵە دابنێن” پاشان ئەم سەری ساڵی کوردییە لە چوار پارچەی کوردستان کاری پێناکرێت، لە کۆماری مەهاباد و ڕۆژنامەی کوردستاندا ئەم ساڵە بەکار نەهاتووە، تەنیا لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە بێ گەڕانەوە بۆ مێژوو و ئەرکێۆلۆژییا بەکار هاتووە.
سەرەڕای هەموو بۆچوونەکان، نەرورۆز بۆتە کولتوور و لە پاشخانی عەقڵی کوردیدا جێگیر بووە. زۆرکات ئەفسانەکان بەمانەوەیان لە عەقڵی گشتیدا حەقیقەت وەردەگرن. مێژووی کوردیش پڕە لە چاڵی قووڵ و ئاشکرا نەکراو، کاری ڕاستەقینەی مێژوونووسانیش ئاشکراکردنی چاڵە قووڵەکانە، نەک بەدواکەوتنی عەوام.
سودمەندبووین لەم دوو سەرچاوە:
1- بەدەم ڕێگاوە گووڵچنین، کۆمەڵناسی، نەوشیروان مستەفا.
2- گۆڤاری خاڵ،ژمارە4، 2016

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button