نەتەوەیەکگرتووەکان: تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا ئاوارەبوون

لڤین:
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا ٨١٦ کەسی مەدەنی لە شەڕی رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە، ھەزار و ٣٣٣ کەس برینداربوون و سێ ملیۆن و ٢٧٠ ھەزار و ٦٦٢ پەنابەر روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا.
کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکراینا کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی ھێناوە، بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٦ ئادار، سێ ملیۆن و ٢٧٠ ھەزار و ٦٦٢ پەنابەر لە ئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (یەک ملیۆن و ٩٧٥ ھەزار و ٤٤٩) پەنابەر، رۆمانیا (٥٠٨ ھەزار و ٦٩٢) پەنابەر و مۆڵدۆڤا (٣٥٥ ھەزار و ٤٥٦) پەنابەر. ھاوکات لە ١٨-٢٣ی شوبات ٥٠ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسک-ەوە چوونەتە ناو خاکی رووسیا.
ئەوەش دەزانرێت کە سەدان ھەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرایناوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رۆیشتوون.
لەلایەکی دیکەوە لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە (OHCHR) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٦ی ئادار لانیکەم ٨١٦ کەسی مەدەنی بەھۆی شەڕی نێوان رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و ٣٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون.