ژاپۆن سزای نوێی بەسەر ڕووسیادا سەپاند

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، وڵاتی ژاپۆن  سزای دیکە بەسەر 15 کەس و نۆ ڕێکخراوی ڕووسیدا دەسەپێنێت، لەنێو ئەو کەس و لایەنانەشدا کە سزاکان دەیانگرێتەوە بەرپرسانی بەرگری ڕووسیا و کۆمپانیای هەناردەکردنی چەکی ڕۆسۆبۆرۆنیان تێدایە.

سزاکانی کە بریتی دەبن لە سڕکردنی سەرمایەکانیش، نوێترین ڕێوشوێنی ژاپۆنن دژی ڕووسیا لەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە دژی ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا. وەزارەتی دارایی ژاپۆن وتی تاوەکو ئێستا سزامان بەسەر 76 کەس و حەوت بانک و 12 کۆمپانیای ڕووسیدا سەپاندووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤ و هەندێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک، لەوانەش یونایتد ئێرکرافت کە فڕۆکەی شەڕکەر دروست دەکات، لەنێو ئەوانەدا بوون کە ڕۆژی هەینی ژاپۆن سزای بەسەردا سەپاندوون.

وەزیرێکی پێشووی ژاپۆن تارۆ کۆنۆ کە لە ئێستادا بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی فەڕمانڕەوای دیموکراتی ژاپۆن دەکات وتی هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتارێک پێشکەشی پەرلەمانی ژاپۆن دەکات.

لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ژاپۆن ڕاهم ئیمانوێل کە ستایشی ڕێوشوێنەکانی ژاپۆنی کرد و وتی ” دڵی ئامێرەکەی جەنگی ڕووسیا دەکەنە ئامانج “، پێشنیاری ئەوەی کردووە لە شوێنی مانەوەی خۆی میوانداری پەنابەرانی ئۆکرانی بکات تاوەکو شوێنێکی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دەدۆزنەوە لە ژاپۆندا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button