پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن دابەش دەکرێت

لڤین:

لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژانی ٢٩ تاوەکو ٣١ی مانگی ئازار پارەی چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ دابەشدەکرێت، وتەبێژی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، “رێزلێنانی سەرۆکوەزیرانیش ئامادەیە و چاوەڕوانی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانین”.

ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر محەممەد بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، “دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پارەی بۆ ناردووین و لە گەنجینەکاندا دانراوە بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر چاودێرانی رۆژی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەم.”

وتیشی، “ئێستا چەند کارێکی هونەریی کەم ماوە و دەتوانین ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەکە دابەشبکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان موچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت و هەروەها پشووش راگەیەنراوە، بۆیە دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە هەفتەی دواتر .”

باسی لەوەشکرد، “لە رۆژانی سێشەممە ٢٩ی ئازار تاوەکو ٣١ی ئازار پارەی چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدان دابەشدەکەین و لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش پارەکە لە هەفتەی داهاتوو بەسەر چاودێراندا دابەشدەکرێت”.

لە عێراق بۆچاودێری سندوقی هەڵبژاردنەکان؛ بڕی ١٥٠ هەزار دینار و نووسراوێکی رێز و سوپاس کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەشدەکرێت دەدرێتە ئەو چاودێرانەی فەرمانبەری دەوڵەتن و بڕی ٢٥٠ هەزار دینار دەدرێتە ئەو چاودێرانەی دەرچووی زانکۆن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button