پەکەکە نامەیەک ئاڕاستەی حکومەتی ئەڵمانیا دەکات

لڤین:

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا کرد و داوای لێدەکات، قەدەغە لەسەر پەکەکە و گەلی کورد هەڵبگرێت و ڕۆڵ بگێڕێت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتییانە.

ئەمڕۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا کرد، کە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ دەستبەکاربوو، پەکەکە دەڵێت: نامەکە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆزەوە ئاراستەی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا دەکەن.

پارتی کرێکارانی کوردستان داوا لە حکومەتی نوێی ئەڵمانیا دەکات، قەدەغە لەسەر بزووتنەوەکەیان و کورد هەڵبگرێت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، هاوکات بەوردیی ئامانجی خەباتی بزووتنەوەکە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە بەناچاریی دەستمان بۆ خەباتی چەکداریی بردووە، هەرگیز نیازێکی وەهاشمان نەبووە کە ڕووبەری خەباتەکەمان بگەیەنینە ئەوروپا.

پەکەکە لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا دەڵێت: ئێمە داوا ناکەین حکومەتی ئەڵمانیا کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بهێنێت، بەڵکو داوا دەکەین ئەو پەیوەندییانە نەبنە بنا‌‌غەی لەناوبردنی مافەکانی گەلی کورد، لەبری ئەو بخرێتە خزمەتی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد.

دەقی نامەکەی پەکەکە بۆ حکومەتی ئەڵمانیا؛

کۆتای ساڵی ٢٠٢١ سەردەمی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەنگێلا مێرکڵ بوو کە ١٦ ساڵ لە سەر دەسەڵات بوو و لە ئەڵمانیا حکومەتێکی نوێ لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتی سەوز و پارتی دیموکراتی ئازاد پێکهێنرا، حکومەتی نوێ ڕایگەیاندووە، کە لە سیاسەتی دەرەوەدا لەسەر بناغەی بەهاکانی دیموکراسی، سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، سیاسەت بەڕێوە دەبەن، حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا، بە سیاسەتی دەروەی خۆی لەسەر بناغەی بەرژەوەندی ئابووریی بە قەدەغە خستنەسەر تەڤگەرەکەمان، زیانێکی گەورەی بە تەڤگەرەکەمان و گەلەکەمان گەیاند. لەو بڕوایەداین کە ئیدی ئەمە پێویستی بە هەڵوێستێکی نوێ هەیە، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کە نزیک بووەتەوە، ئێمە ئەم داواکاریی و بانگەوازییەی خۆمان بۆ رای گشتی رادەگەیەنین.

پەکەکە لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا، تەڤگەرێک بووە کە پشتگیریی لە پێکەوەژیان و برایەتی گەلان کردووە، تەڤگەرمان سەرەتاوە تائێستا بە هەمان تێڕوانینییەوە بۆ دەوڵەتی تورک، تەماشای هیچ گەل و هیچ گرۆپێکی نەکردووە، هەمیشە تەڤگەرەکەمان هەوڵیداوە خۆی بگەیەنێتە گەلان و هەماهەنگییان لەگەڵدا بکات، سەرۆکی ئێمە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٣دا لە بەردەم هەموو ڕاگەیەندانەکانی جیهان و بە ملیۆنان کوردستانیی وتی؛ تێکۆشانمان لەدژی هیچ نەژاد، ئایین، مەزهەب، گروپێک نییە، تێکۆشانمان لەدژی ئەوە نابێت، بەڵکو تێکۆشانمان لەدژی ژێردەستەیی، نادیاری، ناهەقیی، دواکەوتوویی و هەموو جۆرە زۆڵم و ژێردەستەییەکە.

ئێمە تەڤگەرێکی سیکۆلارین، بە شیوەیەکی هاوبەش سەیری هەموو ئایینەکان دەکەین، هەوڵێکی گەورە دەدەین بۆ پاراستنی گەل و ئایینەکانی دیکە کە لەژێر فشاردان، ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال کاتێک قڕکردنێکی گەورە لەدژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدرا، گەورەترین تێکۆشان لەدژی قڕکردن لەلایەن تەڤگەری ئێمەوە ئەنجامدرا، ئەو بەرخۆدانەی کە گەریلاکانمان لەدژی داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا، لە پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕال گفتوگۆی لەسەرکرا، ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، لە نێو رای گشتی ئەڵمانیا و پەرلەماندا گفتوگۆ لەسەر بێ واتابوونی قەدەغەی سەر پەکەکە کرا، پارلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکان سوپاسی هەڵویستی بەرپرسیارانەی پەکەکەیان کردبوو و رایانگەیاند؛ کە پێویستە لەگەڵ پەکەکە قسە بکرێت، دواتر هێرش لەسەر کۆبانێ ئەنجامدرا، لەوێش هەم بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە و هەم گەریلاکانی پەکەکە، کە بۆ هاوکاری ڕۆیشتن و پشتگیرییان لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد، وایکرد کە مرۆڤایەتیی لەدژی دڕندەیی سەربکەوێت.

ئێمە تەڤگەری ئازادیی گەلانین لە جوگرافیای کوردستاندا، کێشەی ئێمە لەگەڵ دەوڵەت – نەتەوەی فاشیستی دواکەوتوو و هاوبەشە ناوخۆییەکانیانە، کە بوون و ناسنامە و دۆخی یەکسانیی کورد ڕەتدەکەنەوە، تێکۆشانمان دژی ئەو هێزانەیە کە وڵاتی ئێمەیان داگیرکردووە و ئەم تێکۆشانە تەنها لە وڵاتەکەمان و لە هەرێمەکەماندا بەڕێوەدەبرێت، ئێمە هیچ سیاسەتێکمان نییە و نابێت کە ئەم تێکۆشانە بۆ وڵاتێکی تر، یان ئەوروپا بگوازینەوە، لە هەموو ئەو ناوچانەی کە تێکۆشانی ئێمە کاریگەرە، زۆرێک لە چاودێرانی سەربەخۆش دەڵێن ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی و زمانی پیاوسالاری نییە، هەڵوێستێکی یەکسان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو هەیە.

کارەکتەری چەکداریی ئەم خەباتە وەک پێویستییەک دەرکەوت نەک هەڵبژاردنێک، لە وڵاتێکی وەک تورکیا کە ناو و بوونی کورد تێیدا قەدەغەکراوە هەر پێشکەوتنێک زۆر بەتووندی سەرکووت دەکرێت، تەنیا بە بەرگریی چەکداریی لە فەزای قورسی فاشیزم لە ١٢ی ئەیلولدا لە ئەشکەنجەی دڕندانەی زیندانی ئامەد ڕزگار بکرێت، بزووتنەوەکەمان ئەم تێگەیشتنەی بە هەمووان نیشاندا، بێگومان بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی سیاسیی و چارەسەری ئاشتییانە، وەڵامی ئەرێنی داوەتە و بانگەوازیی ئاگربەستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وڵاتانی دیموکراتی و بەم شێوەیەش بە بەردەوامی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام ئاگربەستەکە هەمیشە بە هێرشەکانی حکومەتی تورک تێکدران، لە کاتی دانووستانەکانی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا، هێزە چەکدارەکان لە نێو سنوورەکە کشانەوە، بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و بوون بە خەباتێکی سیاسی، چەند ڕووداوێک ڕوویاندا، هەدەپەش لەو پرۆسەیەدا دامەزرا و وەڵامێکی گەورەی گەلی وەرگرت، بەڵام ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەوکات وتی؛ پرۆسەی چارەسەری وەسرێنرا و کۆتایی بە پرۆسەکە هێنرا.

کوردەکانی ئەوروپا بەشێکن لە کۆمەڵگە، کە بەهۆی زوڵم و زۆرداریی لە کوردستان و فشاری دەوڵەتی تورک هەڵهاتوون، شەڕی کوردستان کاریگەری لەسەریان هەبووە، کار دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گشتی جیهان بۆ فشار و چەوساندنەوەی کوردستان، ئامانجی سەرەکیمان لە بەستنی ئەم دیدار و کۆنفرانس و چالاکییانە ئەوەیە، لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسیانە ئەنجام بدرێن، ئامانجمان ئەوەیە کە هەموو ڕێکارێک بگرینە بەر و چالاکییەکان لە بارودۆخێکی دیموکراسیی ڕەوادا ئەنجام بدرێن، ئێمە نامانەوێت و قبوڵی ناکەین کەسێک پەنا بباتە بەر توندوتیژی یان ڕێگەی نایاسایی بگرێتەبەر.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، فشار و قەدەغەکردن لەسەر بزووتنەوەکەمان لە ئەڵمانیا بەردەوامە، لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ەوە سیاسەتێکی قورس لەژێر ناوی ‘قەدەغەکردنی کاروباری پەکەکە’ پەیڕەو دەکرێت، ئەم سیاسەتە قەدەغەکارییە گەیشتووەتە قەدەغەکردنی ئاڵا و لۆگۆ و ڕەنگ و ناو و دروشمەکان، لە چوارچێوەی ئەم قەدەغەکارییەدا هێرش دەکرێتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکراوە و ڕۆشنبیری و دەستبەسەرداگرتنی ئەرشیف و بەرهەمی کەلتووریی و کەلەپووریی ئەنجام دەدرێن، ئەم قەدەغەکارییە کاریگەری کردووەتە سەر تەواوی کۆمەڵگای کوردیی و چەندین ساڵە هەزاران کەس لە گەلەکەمان لە ئاستە جیاوازەکاندا زیانیان بەرکەوتووە، دەوڵەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لەو قەدەغەکارییە بە پێشێلکردنی یاساکانی دەستووری وڵاتەکەی.

ئەو ڕوخسارەی کە ئەڵمانیا نیشانی کورد دەدات سیاسەتی ‘قەدەغەکردن’ـە، ئاشکرایە کە ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمانەوە هەیە، بۆیە هۆکارەکانی قەدەغەکردنەکە لەجێی خۆیاندا نین و لەماوەی قۆناغی ڕابردوودا بەتەواوی بیانوکان نەماون، گۆڕانی پارادایمی، نیشانەیەکی پراکتیکی ئەمەیە، کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا ڕووی داوە، نیشانی دەدات، کە پێویستە وشەی قەدەغەکردن لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت و ئەم جۆرە ڕێبازە نوێیە دەرفەتێک بۆ ئەڵمانیا دروست دەکات، کە هەندێک پەیوەندیی ستاندارد لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردییدا دیاری بکات و لە جوگرافیایەکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوببێتەوە.

ئەڵمانیا لە رووی مێژووییەوە لە دابەشکردنی کوردستاندا ڕۆڵی هەبووە، سیاسەتەکەی پشت بە رەتکردنی کورد بەست و لێپرسینەوەی لە سیاسەتی زلهێزەکانی ئەو کاتەی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا نەکرد، سیاسەتێکی جێگرەوەی نەخولقاند، وەک تەڤگەر داواکاریمان لە ئەڵمانیا نییە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بپچڕێنێت، یان پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دروست نەکات، هەروەها بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندیانەش هیچ هەوڵێکمان نییە، ئێمە بە تەنها لەو بڕوایەداین کە نابێت پەیوەندیەکانی ئەڵمانیا – تورکیا ببێتە بناغەیەک بۆ لەناوبردنی مافەکانی گەلی کورد، پێویستە ئەو پەیوەندیە هەم بە کەڵکی ئەڵمانیا و هەم کورد و هەم تورکیش بێت و هەوڵدانی دروستکەر و چارەسەری بەڕێوەببرێت، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەشداری لە کۆتایی جەنگ و پێکهێنانی چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بکات.

ئەگەر ئەڵمانیا سیاسەتی قەدەغەکردن لاببات و سیاسەتێکی سەربەخۆ لەسەر چارەسەریی و ئاشتی پەیڕەو بکات، ئەوا دەبێتە وڵاتێکی دیموکراسیی و کاریگەرتر، ئەگەرنا بەردەوامبوونی قەدەغەکردنی ناوی کورد لە ئەڵمانیا، دژە دیموکراتیانەیە و دەبێتە بنەمای پراکتیکی فاشیستی و تۆتالیتاری، حکومەتی نوێ دووبارە جێی خۆی لە سیاسەتی جیهان و ڕۆڵی جارانی خۆی پێناسە دەکات، هیوادارین ئەم پرۆسەیە خزمەتی نەهێشتنی سیاسەتی قەدەغەکردن و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆی پەیوەست بەکورد بکات.

حکومەتی هاوپەیمانی نوێ ڕێککەوتنی هەماهەنگیی خۆی بە ناوی ‘بوێری بۆ پێشکەوتنی نوێ’ بڵاوکردەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتی نوێ بە ڕاستی بیەوێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات، گرنگە هەنگاوی بوێرانە بنێت، لەم چوارچێوەیەدا پێمانوایە لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر پرسی کورد بکرێتەوە، کۆتایی هێنان بە قەدەغەکردنی زیانگەیاندن بە کورد، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەڵمانیا، بەم شێوەیە کاتێک ئەڵمانیا ڕۆڵ و ئەرکی هەبوو لەچارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، ئەڵمانیا زیاتر لە تورکیا و کورد نزیک دەبێتەوە و خزمەتی ئاشتی و سەقامگیری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، ئەگەر حکومەتی نوێ لەم بوارەدا هەنگاو بنێت، ئەوا بەشدارییەکی گرنگ دەکات لە دیموکراسی و سەقامگیری ئەوروپادا.

تەڤگەری ئێمە بە هەموو شێوەیەک بۆ دیالۆگ ئامادەیە، کە بەرپرسیاری خۆی لەم پرسەدا جێبەجێ بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button