مەلا بەختیار؛ لەبەر دزیی ‌و گەندەڵی نەتوانرا ئامانجەكان بۆ بەدەرنانی تەعریب بێتەدی

لڤین:

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت ، لەبەر دزیی ‌و گەندەڵی نەتوانرا ئامانجەكان بۆ بەدەرنانی تەعریب بێتەدی، دەشڵێت ،”زۆرینەی هەموو ئەو وەفدانەی چوونەتە بەغدا بۆ مووچە و چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بووە، نەك بۆ جێبەجێكردنی مادەی (140)، كە دەستوریە”.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (17/3/2022) پێشوازی لەمەكتەبی كۆمەڵایەتی خانەقینی حزبەكەی كرد و ڕایگەیاندووە، خانەقین و كاكەییەكان هەمیشە قازانجیان بۆ شارەكەیان هەبووە، بۆیە خانەقینییەكان، لەهەر نەتەوەو مەزهەبێك بن، لەهەر ئۆرگان و رێكخراوێكدابن، جێگەی شانازین، لەدوای راپەڕین سەلمێنرا، (35) ساڵی دەسەڵاتی بەعس، تەعریب و تەرحیل، نەیتوانیوە كاریگەری لەسەریان هەبێت، هەست و نەستیان، ناسنامە و بیروباوەڕیان بەرامبەر كوردستانییەتی شارەكە بگۆڕێت.

وتیشی، ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، لەئێستا زۆرتر نەخایەنێت و بەئومێدیشم لەدوای هەڵبژاردنی هەردوو سەرۆكایەتی كۆمارو وەزیران، كوردستان وەكو رابردوو مامەڵە لەگەڵ بەغدا نەكات ، بەڵكو یەكێك لەگرنگترین داخوازییەكانی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەبێ‌ ماددەی (140) بێت.

ئاشكراشیكردووە، كە لە دە ساڵی رابردوودا نەرمییەكی زیاد لە پێویست لەلایەن كوردستانەوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی (140) هەبووە، ئەو نەرمییەش زیانی لێداوین، بەڵكو زۆرینەی هەموو ئەو وەفدانەی چوونەتە بەغدا بۆ موچەو چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بووە، نەك بۆ جێبەجێكردنی مادەی (140)، كە دەستوریە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button