تورکیا شاری عەفرین تەعریب دەکات

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە نوێنەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایانگەیاندوە: دەوڵەتی تورکیا دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕێت و ڕێژەی کوردیان کەمکردووەتەوە بۆ کەمتر لە ٢٥٪ ، هەروەها ٤٠٠ هەزار عەرەبیان هاوردە کردووە.

چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا و گرووپەکانی هاوپەیمانی، نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە نووسینگەی خۆیان لە شاری سلێمانی، بە هاوبەشی لەگەڵ دەستپێشخەریی پشتیوانیی بۆ ڕۆژئاوا و بەرەی پشتیوانییکردن لە عەفرین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

فەتحوڵا حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و وتی: لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی مێژوویان ئەنجامدا، ژنان و لاوانی کورد بە قارەمانی و فیداکاریی خۆیان بۆ جیهانیان ئیسپاتکرد، کە گەلی کورد دژی داگیرکاریی بێترسە و دەست لە خاکی خۆی بەرنادات، بەڵام ئەو داگیرکارییە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی بوو، ئەوەبوو دوای ٥٨ڕۆژ لە بەرخۆدانی قارەمانانە چوار ساڵ لەمەوبەر عەفرین و نزیکەی ٣٥٠ گوندی داگیرکرا.

هەروەها ئاشکرایکرد: دەوڵەتی تورکیا ئێستا لە عەفرین خەریکی تاڵانکردنی خاک و کوشتن و ڕفاندنی خەڵکە و دیمۆگرافیای شارەکە دەگۆڕێت بە دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی گرووپەچەتەکان و خانەوادەکانیان لە جێگایان.

هەروەها، وتی: بەگوێرەی ئامارە فەرمییە زیاتر لە ٣٠٠هەزار هاوڵاتی عەفرین دەربەدەربوون، ڕێژەی کورد لە عەفرین ئێستا کەمتر ٢٥٪ -ە و زیاتر لە ٤٠٠هەزار عەرەب هاوردەی عەفرین کراون، ناوی شوێنە گشتییەکان دەگۆڕدرێت بۆ عەرەبیی و تورکیی و ئاڵای تورکیا هەڵدەکرێت تێیدا، خوێندنگاکان کراوە بە زمانی تورکی، بەم شێوە دەیانەوێت ناسنامەی کوردی عەفرین بکەن بە عوسمانی.

ئەوەش هاتبوو تێیدا: لەناو چوار ساڵی داگیرکردنی عەفرین زیاتر لە هەشت هەزار هاوڵاتی مەدەنیی ڕفێندراون، هەندێکیان بە پارە ئازادکراون، زیاتر لە ٦٥٠هاوڵاتی مەدەنی و ٣٠ منداڵ و ٨٥ ژن کوژراون و ٧٠ژن دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و ١٢هەزار داری زەیتون سوتێنراون و نزیکەی ٣٥٠هەزار دار بڕدراون و فرۆشراون و بەهەزاران ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان دزراون و تالان کراون، هەروەها خوێندنگاکان کراون بە زیندان و شوێنی سەربازیی، لە بارەی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرینەوە وڵاتی وەکو قەتەر و ئەڵمانیا هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا دەکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button