دوای ٣٣ ساڵ لە زیندان بریاربوو ئەمڕۆ لە سێدارە بدرین بەڵام ئازاد دەکرێن

لڤین:
سێ هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە دوای ٣٣ ساڵ بەندکران و دواجار دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگارییان بوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، سزای سێدارەی سێ هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی جەعفەر ئیسماعیلی، عوسمان سەحرایی و سەعید ئارمەت کە بڕیار بوو کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ بکرێت. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی و لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە لە دواساتەکاندا هەڵوەشایەوە و لە پەتی سێدارە ڕزگارییان بوو.
ئەم سێ هاوڵاتییە دوو ڕۆژ پێشتر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و ڕۆژی ڕابردووش دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام دابوو.
ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەم سێ هاووڵاتییە ٥.٧. ١٩٨٩بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر کراون، بەبێ ئەوەی بەڵگەی سەلمێنراو بۆ سەپاندنی ئەو تاوانە هەبێت و تەنیا لە ڕێگەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سوێندخواردن (قەسامە) حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.