قوباد تاڵەبانی: هەوڵی دابینکردنی زەوی دەدەین بۆ کەسوکاری ئەو شەهیدانەی هەڵەبجە کە زەویان وەرنەگرتووە

لڤین:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێداچوونەوە دەکەین بەلیستی قەرەبووکردنەوەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا زەویان وەرنەگرتووە، هەوڵی دابینکردنی زەویان بۆ دەدەین.
وەباد تاڵەبانی لە یادی ٣٤ ساڵەی مەرگەساتی هەڵەبجەدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە وتیادا دەڵێت، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزیان دادەنوێنێن.
دەشڵێت: لەم یادەدا رایدەگەیەنین لەمساڵدا هەرچی لەتواناماندا بێت کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ئەو شەهیدانەی کە لە وڵاتی ئێرانن. ئێسک و پروسکی ئەو ئازیزانەمان گەورەترین بەڵگەن لەسەر یەکێ لەدڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
قوباد تاڵەبانی وتوشیەتی: بەدواداچوونی تەواو دەکەین بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و هەوڵی دۆزینەوە و گەڕانەوەیان دەدەین بۆ ناو خێزان و کەسوکارەکانیان لەڕێی پشکنینی DNA. لەگەڵ ئەمەشدا پێداچوونەوە دەکەین بەلیستی قەرەبووکردنەوەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا زەویان وەرنەگرتووە، هەوڵی دابینکردنی زەویان بۆ دەدەین.
ڕاشیگەیاندووە: بەردەوامیش دەبین لەگفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ فشاری زیاتر لەپێناو قەرەبووکردنەوەی تەواوی کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە. نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا دەبێت ئەم پرسە بکەنە ئەولەوییەتی کاری خۆیان.