بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە:شەرمە کە تا ئێستا قەرەبووی قوربانییەکانیان نەکراوەتەوە

لڤین:

ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: دوای 34 ساڵ تێپەڕبون بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە، تائێستا دانیشتوانەکەی داوای خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە حکومەتی هەرێم دەکەن و بەرپرسانیش ساڵانە لەم یادەدا بەڵێنی بێ کردار بە هەڵەبجەییەکان دەدەن.

لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی 34هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە،ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی لە میدیای فەرمی ئەو حیزبە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە “بەداخەوە دوای 34ساڵ بەسەر تێپەڕبونی ئەم یادەدا ئێستاش داوای خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە حکومەتی هەرێم ئەکەن داوای گەڕانەوەی منداڵە ونبوەکانیان و چارەسەری بریندارەکانیان ئەکەن جێگای شەرمە بۆ کاربەدەستانی ئەم هەرێمە نەیان توانیوە قەرەبوی قوربانی دانی خەڵکی ئەم شارە بکەنەوە.”

 

دەقی راگەیەندراوەکە

جەماوەری کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
هاوشاریانی قوربانیدەری پارێزگای هەڵەبجه

بەبۆنەی تێپەڕ بونی 34ساڵ بەسەر کارەساتی بۆردومان کردنی شاری هەڵەبجەو شارەزور و هەورامان سەری ڕێز بۆ شەهیدان و قوربانیانی ئەم شارە دا ئەنەوێن و داواکارین جێگای شەهیدان فیردەوس بێت و ئەو بریندارانەش تائێستا بەدەم ئازارە کانی بەرکەوتیان بەو چەکە کوشندە یە ئەناڵێن هیوای چاک بونەوەو تەندروست باشیان بۆ دەخوازین.

بەداخەوە دوای 34ساڵ بەسەر تێپەڕ بونی ئەم یادە دا ئێستاش داوای خزمەت گوزاری و ئاوەدانی لە حکومەتی هەرێم ئەکەن، داوای گەڕانەوەی منداڵە ون بوە کانیان و چارەسەری بریندارە کانیان ئەکەن جێگای شەرمە بۆ کاربەدەستانی ئەم هەرێمە نەیان توانیوە قەرەبوی قوربانی دانی خەڵکی ئەم شارە بکەنەوە لە هەموو یادەکانیش لە 16/3بەڵێنی نوێ تر ئەدەن بێ ئەوەی شەرم بکەن نەک تەنها بۆ شاری هەڵەبجە بەڵکو ناوچەکانی تری کوردستان بە گەرمیانیشەوە کە خاوەنی 182 هەزار ئەنفالە بۆ بنەماڵە شەهیدکانیش وەک پێویست خزمەتیان نەکردوە ساڵ بەساڵ دۆخی ئەم هەرێمە خراپ تر ئەکەن و ئێستا لەدوای ئەو هەموو ساڵە تێر نەخواردنیان لەگەندەڵ و دزی هەوڵی زەق کردنەوەی دوو ئیدارەی و دەستگرتن بەسەر گومرگ وبیرە نەوت و پارەی بانقەکاندا ئەگرن و قۆرغکاری لە هەموو جومگەکانی داهاتو وەبەرهێناندا دەکەن و وڵاتیشیان بەرڵا کردوە بۆ تەراتێنی ووڵاتانی بێگانە و بەویستی خۆ یان چارەنوسی گەلە کەمان ئەبەستنەوە بە ئەجیندای ووڵاتان و ئەمان کەنە لایەنگری لایەک وکوردوستان ئەکەن گۆرپانی شەری یەکلا کردنەوەی ململانێی ووڵاتان، بەداخەوە کاربەدەستانی ئەم هەرێمە کارێکی وایان کردوە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئینتمایان بۆهیچ پیرۆزیەک نەمێنێت وەک ئەوەی ڕۆژانە ئەیبینین بەشێوەکی بەرچاو لەمیدیاو سۆشیال میدیا هاوڵا تیان لەنادادی ئەمانە ئاوات بۆ بەعس و سەدام دیکتاتۆری پێشوو ئەخوازن تەمەنای نەمانی ئەم دەستەڵاتە خۆماڵیە ئەکەن لە کاتێکا ئەو هەموو قوربانیەی لە ڕۆڵە کانی ئەم گەلە بۆ دراوە بەکەس و کاری و منداڵی قوربانیانی ئەنفال و کیمیا بارانیشە ،بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان و کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان و هاوڵاتیان ئەم شارە ئەکەین ئەو بۆنەو یادانە یادی ئەوان و قوربانیان ئەوانن پێویستە ئینتیمایان بۆیان کاڵ نەبێتەو بەپیرۆزی ڕایگرن ویادی بکنەوە بەشێوەی میلی و دور لە چالاکی حیزبی و حکومی ئەو مەراسیمانەی دەزگا ئیداریەکان بۆ یان ڕێکئەخەن بۆ ئەوەی کەمێک ئارەقەی شەر مەزاری بسڕن لەبەردەم مەزاری پیرۆزی شەیداندا.

درودپاکی شەهیدان

بزوتنەوەی گۆڕان
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەڵەبجە
‌15/3/2022

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button