هەڤاڵ ئەبوبەکر 11 بڕیاری دەکرد

لڤین:

پارێزگارى سلێمانى له‌ڕێگه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكه‌وه‌ 11 بڕیارى له‌باره‌ى كێشه‌كانى سلێمانیه‌وه‌ ده‌ركرد.

ئەمڕۆ ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی پارێزگای سلێمانی، پاڵپشت بەبڕیارەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی 9ى 3ى 2022ی ئەنجومەنی وەزیران‌و ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەدۆخی بازاڕ لە13ى 3ى 2022دا، بەسەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی‌و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و بەبەشداریی قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان‌و ژوری بازرگانیی‌و پیشەسازیی سلێمانی، تایبەت بەدابینکردن‌و گواستنەوەو هێنانە ناوەوەو هەڵگرتن‌و خستنەڕوو کوالێتی‌و قەبارەو نرخی پێداویستیە سەرەکیەکانی هاووڵاتیان‌و چاودێریکردنی بازاڕ، لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک‌و پێداویستیەکان‌و بەرژەوەندیی گشتیدا، کۆبوونەوە، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا:

یەکەم: جەختکردنەوە لەسەر یاداشتی پارێزگاری سلێمانی بەنووسراوی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەت ژمارە (25) لە(13ى 3ى 2022)ی تایبەت بەپێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخانە، کە هاوپێچی ئەم نووسراوە کراوە.

دووەم: لەڕۆژی (15ى 3ى 2022)وە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت‌و کانزاکانی سلێمانیەوە بەهەماهەنگیی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی لەو (5) بەنزینخانەیەی بۆ دابینکردنی بەنزینی پشتیوانیکراو لەسنوری شاری سلێمانیدا دیاریکراوە ڕۆژانە (1) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تایبەت‌و (2) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی، ڕۆژێک بۆ ژمارەی تاک‌و ڕۆژێک بۆ ژمارەی جووت‌و (2) بەنزینخانە بۆ پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی تەرخاندەکرێت.

سێیەم: بەدەستپێشخەریی بازرگانان‌و ژوری بازرگانیی‌و پیشەسازیی سلێمانی بڕێک ئارد بێبەرامبەر بۆ هەر نانەواخانەو سەمونخانەیەک دابیندەکرێت، لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی، ڕێکاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە دیاریدەکەن.

چوارەم: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، داوا لەکۆمپانیای دابینکردنی غاز دەکرێت، کە پابەندی تەواوی ناوەڕۆکی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پەیوەست بەدابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان‌و دابینکردنی غاز بەنرخێکی پشتیوانیکراو بۆ نانەواخانەکان، بێت.

پێنجەم: داوا لەهەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرا، بۆ جێبەجێکردنی کرداریی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دەسەڵاتی تەواو بەپێی تایبەتمەندیی وەزارەتەکانیان بۆ بەڕێوەبەرێتی گشتیی‌و بەڕێوەبەرێتی پارێزگاکان داببەزێنن، بۆئەوەی بتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان لەچارەسەرکردنی ئەم دۆخەدا ببینن.

شەشەم: ژوری ئۆپه‌راسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی، دەسەڵاتی تەواو دەدات بەسەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، کە سەرۆکایەتیی لیژنەی هاوشێوە لەیەکە کارگێڕییەکانیاندا بکەن بەهەماهەنگیی فەرمانگا پەیوەندیدارەکانیان لەسنورەکەیانداو چاودێریی وردی قەبارەی خستنەڕوو کوالێتی‌و نرخی کاڵاکان بکەن‌و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر قۆرخکارو سەرپێچیکار بگرنەبەر.

حەوتەم: پێویستە ڕێگریی‌و بەربەستی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت لەجوڵەپێکردنی کاڵاکان‌و بەرهەم‌و پێداویستیە کشتوکاڵیی‌و پەلەوەریی‌و ڤێتێرنەرییەکانداو دەرفەتی هاوسەنگ‌و هاوبەش بۆ هەمولایەک فەراهەمبکرێت بەبێ جیاوازیی.

هەشتەم: دیاریکردنی ڕەسید لەوەزارەتەکانەوە بۆ پێداویستیە سەرەکییەکان لاببرێت‌و چاودێریکردنی کوالێتی‌و نرخ بکرێتە بنەما.

نۆیەم: ڕێگا بەکێڵگە پەلەوەرییەکان بدرێت خۆیان پێداویستیەکانی خۆیان بەپێی توانای بەرهەمهێنانیان لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات دابینبکەن.

دەیەم: پێویستە ئەو بانکە ئەهلییانەی دۆلار بەنرخی فەرمیی لەبانکی ناوەندیی عێراق وەردەگرن، بەپێی مانیفێستی فەرمیی داخڵکردنی کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکان، دۆلار بۆ بازرگانان بەنرخی فەرمیی دابینبکەن.

یانزەیەم: داوا لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکرێت فەرمانبەری پێویست بۆ فەرمانگاکانی (چاودێری بازرگانی، دابەشکردنی ئارد، دابەشکردنی خۆراک) دابینبکەن‌و پشتیوانیی دارایی‌و تەکنیکییان بکەن بۆئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button