وەزیری پێشمەرگە داوا لە ئەمریكا دەكات هاوكاریە داراییەكانی هەموو پێشمەرگە بگرێتەوە

لڤین: وەزیری پێشمەرگە داوا لە ئەمریكا دەكات هاوكاریەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە سەرجەم هێزەكان بگرێتەوە و تەنها بەشێك لە پێشمەرگە نەبێت.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ كۆلۆنێل ڤۆرهیس، بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگی ئەمنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و كۆلۆنێل جولیات، بەرپرسی نوسینگەی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەریان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر دوایین پێشهات و مەترسییەكانی داعش لە عێراق و ناوچەكە و وەفدی باڵای سەربازی ئەمریكا ئاشكرایانكرد، لەئێستادا مەترسیەكانی داعش و گروپەكانی تر لە فراوانبووندایە، دەخوازن بەزوویی رێگریان لێبكرێت.
وەزیری پێشمەرگە، سەبارەت بە هاوكارییەكانی ئەمریكا و موچەی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە داوایكرد” موچە و شایستە داراییەكانی ئەمریكا سەرجەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگرێتەوە، بەجۆرێك رەچاوی یەكسانی و دادپەروەری لە دابەشكردنی موچەدا هەبێت بۆ سەرجەم هێزەكان بەبێ جیاوازی”.
كۆڵونێڵ ڤۆڕهێس، بەڵینی دا بەزوویی كار بۆ ئەو داوایە دەكەن و دوای دیراسەكردنی خۆیان دەرئەنجامەكەی بەوەزارەتی پێشمەرگە دەگەێیننەوە و وتیشی ” لەخەمی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە تێدەگەین و به جددی كار بۆ باشكردنی دەكەین”.