داوا دەكرێت سێ بەرپرسی سلێمانی بانگهێشتنی ئەنجومەن بكرێن

لڤین:

15 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێكدا داوا دەكەن بەڕێوەبەری گشتی بانكی هەرێم لە سلێمانی و هەردو بەڕێوەبەری گومركی باشماخ و گومركی گەرمیان بانگهشێت بكرێن بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەن تا رونكردنەوەی تەواو بدەن لەسەر پرسی كۆكردنەوەی داهاتی دەروازەكان و سنورەكەو چۆنێتی خەرجكردن و بەكارهێنانی ئەو داهاتانە.

ئەو 15 پەرلەمانتارە، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە یاداشتەكەیان كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان كردوە دەڵێن: “ماوەی چەند مانگێكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكرێت كە داهاتی ناوخۆ سفرەو هیچ بڕە داهاتێك لە سنورەكەدا كۆنەكراوەتەوە بەتایبەتی لە مانگەكانی 1 و 2ی ئەمساڵدا، ئەمە لەكاتێكدایە كە داهاتی هەمان ئەو مانگانە لە ساڵی رابردودا سەروی 150 ملیار دینار بوە.”

ئاماژە بەوەشدەدەن كە “ئەو هۆكارەش كراوەتە بیانو بۆ دابەشنەكردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران و گرفت بۆ تەواوی كەرتە خزمەتگوزارییەكان دروست بوەو هەمو پڕۆژەكان راوەستاون و لەداهاتودا ئەگەر بەردەوامی هەبێت دەوامی تەواوی فەرمانگەكان و خوێندنگاكان و نەخۆشخانەكان رادەگیرێت.”

هەروەها 15 ئەندامەی ئەنجومەن جەخت دەكەنەوە كە ئەوە لەكاتێكدا كە “بەپێی بەدواداچونمان داهاتی ناوخۆ لە ئێستادا زیادی كردوەو نرخی نەوتیش بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە.”

دەشڵێن”داواكارین بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتی بانكی هەرێم لە سلێمانی و هەردو بەڕێوەبەری گومركی باشماخ و گومركی گەرمیان بكرێت بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەن، تا رونكردنەوەی تەواو بدەن لەسەر كۆكردنەوەی داهاتی دەروازەكان و سنورەكەو چۆنێتی خەرجكردن و بەكارهێنانی ئەو داهاتانەی لە سنورەكە كۆدەكرێنەوە.”

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button