مێژووی ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆماری کوردستان

بەکر شوانی

تەماشاکردنی هەر لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەکانی تورکیا لە سەردەمی دامەزراندنی کۆمارەوە تا ئەمڕۆ، وەک لێکردنەوەی قەتماغەی برینێکی جەستەی کورد وایە و ئازارێکی زۆری هەیە، بەڵام هەمان کات ئەو ڕۆژنامانە، بێ ویستی خۆیان، زۆر ڕاستی و بابەتی گرنگیان بۆ مێژوو تۆمار کردووە.

بۆ نموونە، ڕۆژنامەی “ڤاکیت” لە ژمارەی ڕۆژی ١٧ی ٨ی ١٩٣٠دا هەواڵێکی دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای تورکیا و ئێران دژ بە شۆڕشگێڕانی ئاگری بڵاو کردووەتەوە. ئەو ڕۆژنامەیە لەگەڵ هەواڵەکەدا وێنەی ئاڵایەکیشی داناوە و لەژێریدا نووسراوە (ئاڵای کۆمەڵەی خۆیبون). لەسەر ئاڵاکەیش وشەی (خۆییبوون) دەبیندرێت.

وەک دەبیندرێت، ئاڵاکە هەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئەمڕۆ بە ئاڵای کوردستان ناسراوە. کەواتە مێژووی ئاڵای کوردستان بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ ١٦ ساڵ بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و ئاڵای بزووتنەوەیەک بووە کە ٩٢ ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی گەورەی ئاگریی بەرپا کردووە و هەزاران قوربانی لە ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆییدا بەخشیوە.

من بەش حاڵی خۆم، وەک ڕێز و وەفاداری بۆ هەموو شەهیدانی شۆڕشی ئاگری و دۆڵی زیلان، هەمیشە ڕێزم لەم ئاڵایە گرتووە و دەگرم.

ئەوانەیش کە لەم سەردەمەدا سووکایەتی پێ دەکەن و بە ئاڵای دەسەڵاتی هاوچەرخی کوردی دادەنێن، مێژوو و لۆژیک وا دەخوازێت بە بۆچوونی خۆیاندا بچنەوە و تەنانەت لە هەر خۆپێشاندانێکدا بە ئەندازەی ژمارەی بەشدرابووان، ئەم ئاڵایە بەرز بکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button