بافڵ تاڵەبانی: رووبەڕووی ھەر جیاکارییەکی سیاسی و رێکخراوەیی دەبینەوە کە ماف لە خەڵکی ھەولێر زەوت بکات

لڤین:
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، رووبەڕووی ھەر جیاکارییەکی سیاسی و رێکخراوەیی دەبینەوە کە ماف لە خەڵکی ھەولێر و هەر شوێنێکی تری کوردستان زەوت بکات.
بافڵ تاڵەبانی، لە پەیامیکدا بەبۆنەی ٣١هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی هەولێر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر راپەڕینی هەولێری پایتەختی کوردستان تێدەپەڕێت، لەو رۆژەدا هەولێرییەکان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتییان بۆ کوردستان تۆمارکرد.
دەشڵێت: دەبێت لەم یادە شکۆدارەدا رۆڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ وەک سەرپەرشتیاری راپەڕینی هەولێر لە یاد نەکەین و وەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو رۆڵەکانی خۆی کردە قوربانیی ئازادی هەولێر و سەرفرازیی خەڵکەکەی. ئەمە مێژووی نزیکی گەلەکەمانە و هەولێرییەکان ئەم راستییە لە یاد ناکەن.
ئەو بەڵێنیداوە بە خەڵکی ئەو شارە “وەک چۆن یەکێتییەکەتان ئەندازیار و جێبەجێکاری بەرنامەی راپەڕین بوو، ئێستاش لە جاران زیاتر لەگەڵتان دەبێت و داکۆکی لە مافەکانتان دەکات”.
تاڵەبانی وتوشیەتی “رووبەڕووی ھەر جیاکارییەکی سیاسی و رێکخراوەیی دەبینەوە کە ماف لە خەڵکی ھەولێر و هەر شوێنێکی تری کوردستان زەوت بکات”.