ناوەڕۆکی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئۆکراینا و ڕوسیا

لڤین:
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ڕایگەیاند، هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاگربەستەوە نەکردووە، بەڵام رێکەوتوون لەگەڵ رووسیا کار لەسەر پرسی هاوکاریی مرۆیی بکەن.
دوای کۆبونەوەی هەریەکە لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا  لە ئەنتاڵیا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا وتی: لەگەڵ رووسیا رێکەوتووین کە بەردەوامبین لە هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی هاوکاریی مرۆیی لە ئۆکراینا.

کولێبا دەڵێت، پێشینەی کارەکانمان کردنەوەی رێڕەوی مرۆییە بۆ دەربازبوونی خەڵک لە شاری ماریوپۆل و راگەیاندنی ئاگربەستی 24 کاتژمێری.
وەزیرە ئۆکراینیەکە هیوایی خواست هاوتا ڕووسیەکەی لەگەڵ خاوەن بڕیارەکان لە کرملن قسە بکات بۆئەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بۆ ماریوپۆل بکرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت.

وتیشی “کۆبوونەوەم لەگەڵ لاڤرۆڤ لەیەک کاتدا ئاسان و قورس بوو، بەداخەوە لاڤرۆڤ تەنها بۆ گوێگرتن هاتبوو، ئەو ئامادە نەبوو پابەند بێت بەوەی کە بەڵێن بدات، بەڵام ئێمە هەردوولامان دەگەڕێینەوە سەروخۆمان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان”.

ئەوەشی خستەڕوو، جەنگ کۆتایی نایەت ئەگەر رووسیا خواستی راگرتنی ئەو جەنگەی نەبێت، چونکە ئەوان شەریان دەست پێکردووە هەر ئەوانیش دەبێت ڕایبگرن.
وەزیرەکەی ئۆکراینا ئامادەیی خۆیی دەربڕی کە دووبارە لەگەڵ لایەنی رووسی کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆی جدی لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە و چارەسەری دۆخەکە بکرێت.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا وتی، ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی رووسیا رەتی ناکاتەوە کە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببێتەوە، بەڵام هەندێک ئامادەکاری هەیە کە دەبێت تەواوبکرێن.

وەزیری دەرەوەی رووسیا لە بارەی کۆبونەوەکەیان ڕایگەیاند: زیاتر باس لە دەستپێشخەرییەکانی هاوڕێ تورکەکانمان کرا لەبارەی پرسی هاوکاریی مرۆیی.
لاڤرۆڤ وتیشی: خەڵکی سڤیلی ئۆکراینا وەکو قەڵخانی مرۆیی و بارمتە لەلایەن هێزە بەرگریکارە هەرێمییەکانەوە بەکاردەهێندرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا بەردەوام بووە لە دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیل.
باسی لەوەسکرد ئەوان بە شاندی ئۆکراینیایان وتووە رووسیا چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانە بۆ ئەو پێشنیارانەی خراونەتە بەردەستیان.

لاڤرۆڤ قسەکانی ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوا کرد و وتی “پلانی هێرشمان بۆ سەر هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام چەک ناردنە ئۆکراینا بەردەوامی دانە بە مورتەزەقەکان و مەترسی گەورە دروست دەکات”.

لەبارەی ئەو نەخۆشخانەیەی لە شاری ماریپۆڵ کە هێزەکانی رووسیا بەئامانجیان گرتبوو وتی “ئەو نەخۆشخانەی ئەوان باسی دەکەن ببووە بنکەی شەڕکەرەکان و هەموو کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە دەرکرابوون، بەو جۆرە نییە کە باس دەکرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button