رووسیا و ئۆکراینا لە تورکیا کۆدەبنەوە

لڤین:
بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە تورکیا بۆ دانوستان کۆببنەوە و وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە کۆبونەوەکەدا دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەمڕۆ بەرەو تورکیا بەڕێدەکەوێت بە مەبەستی گفتوگۆ.
دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا کە بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا بەشداری بکات رۆشتنی بۆ تورکیا رانەگەیاندووە.
پێشتر رووسیا و ئۆکراینا، بۆ راگرتنی شەڕ، سێ جار لە بێلارووسیا کۆبوونەتەوە و نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
لە کۆبونەوەکەدا مەولوود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری دانوستانی نێوان ھەردوو وڵات دەکات کە بڕیارە لە 11 تا 13 ئەم مانگە لە ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەبچێت.