شەڕەفی ژن کوشتن!

شەنگار سەعدی
ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانی ژنانە، بەڵام لە کۆمەڵگاکەماندا وەک ھەموو ڕۆژانیتر ژنان بە دەنگی ھاواری کوشتنی ژنێکیتر خەبەریان دەبێتەوە، شەرم دامدەگرێت کە نەتەوەکەم بە ژن کوشتن ناوبانگ دەردەکەن و نیشتیمانەکەم بە دۆزەخی ژنان وەسف دەکرێت، لە کاتێک خاوەن دێرینترین شارستانی و شۆڕشی ژنانین، لە کاتێکدا بە درێژایی مێژووی پڕ لە ستەم و ناڕەوایی گەلەکەمان ژنان شان بەشانی پیاوان بەرامبەر ھێرشەکان وەستاونەتەوە.
گەر سەرنج بدەین لە ھەر سوچێکی ئەم کۆمەڵگایە لە ژێر ناوی جیاو بە شێوەی جیا جیا ژنان لە ڕووی ڕۆحی و دەرونی و جەستەییەوە دەکوژرێن ھێشتا لەسەرەتای ساڵداین بەڵام ١١ ژن کوژراون، لە ھەر وڵاتێکیتر بووایە ھەڵوێستی جیاواز بەدیدەکرا خۆپیشاندان ئەنجامدەدرا، بەڵام دەسەڵاتداران ھێندە ڕوو قایمن لە جیاتی ئەوەی دەست لەکاربکێشنەوە پیرۆزبایی لە ژنان دەکەن!
تۆمەتبارکردنی کۆمەڵێک ژن لەناو ڕێخراوەکان ھیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، چونکە ئەو ڕێکخراوانە سەربە حزبەکانن و حزبیش سی ساڵە کاردەکات بۆ لەناوبردنی بەھا کۆمەڵایەتیەکان، ئەوان بۆ زامنی بەردەوامی خۆیان کۆمەڵگایەکی مێگەل ئاسا و پڕ لە کۆیلایەتیان دەوێت، بێگومان ژنانیش بناغەی ھەموو کۆمەڵگایەکن، ھەر بۆیە تا ژنان لاواز و دەستەمۆ نەکرێن ناتوانن کۆمەڵگا جڵەوگیر بکەن، بۆیە ھەرچیەک ڕوودەدات سیستەمی حوکمڕانی ھۆکاری سەرەکیە و ڕێکخراوەکانی ژنانیش لقێکن لە لەو ھەزاران لقەی شێرپەنجە ئاسا لەناو کۆمەڵگادا ڕیشەیان داکوتیوە.
لە ڕۆژی جیھانی ژناندا ژنان دەکوژرێن، ژنە چالاکوان حوکمدەدرێن نمونەی (بێریڤان ئەیوب) کەلەسەر بەشداری کردن لە خۆپیشاندانی جەماوەری بە دووساڵ حوکمدرا.
ھەروەھا ئەگەر لە ڕوانگەیەکیترەوە لە دۆخەکە بڕوانین، لەھەموو ڕوێکەوە بەربەست دەخرێتە بەردەم کەسانی خاوەن بیروڕای جیاواز، لەکاتێکدا ھەموو دەرگاکان بەرەو توندڕەوی کراوەن و ڕۆژ بەڕۆژ فکری توندڕەوی بڵاودەکرێتەوە، ژنانیش بە پلەی یەکەم قوربانی ئەم دۆخەن، دواین تاوان و ڕووداوەکان سەلمێنەری ئەوەن کە ھیچ کەسێک لەو کۆمەڵگایەدا ژیانی پارێزراو نابێت گەر بەجۆرێکیتر بیربکاتەوە.
بەشێک لە دواین تاوانەکانی بەرامبەر بە ژنان و خاوەن بیروڕا جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان کراون ئەمانەن:
دۆسکی ئازاد تەمەن ٢٨ ساڵ (بەھۆی ئەوەی ڕەگەزی خۆی لە کوڕەوە گۆڕیبوو بۆ کچ لە ٢٨ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری دھۆک لەلایەن برایەکیەوە بە چەک کوژرا)
سەروین خورشید تەمەن ٢٦ ساڵ(ھەولێر) لەسەر ئەوەی لە دادگا داوای بەدەستھێنانی مافەکانی خۆی کردبوو، لە ٩ی شوبات ٢٠٢٢ لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بە ١٧ گولە کۆتایی بە ژیانی ھێندرا.
شنیار ھونەر تەمەن ٢١ ساڵ و دایکی دوو منداڵ لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە سوتێنرا و سەدا ٪٨٥ ی جەستەی سوتا و دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
ژنێکی تەمەن بیست ساڵان بە ناوی ئیمان سامی (ماریا) کە ڤیدیۆکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بلاودەکردەوە، شەوی ٦⁄٧ ی مارسی ٢٠٢٢ لە ھەولێر لەلایەن مام و برایەکیەوە بە چەک کوژرا.