مەسرور بارزانی جارێکی دیکە باس لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم دەکات

لڤین:
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نادەستورییە و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستانە و لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیشدا نییە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، ”پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا-کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی کرد”.
ئاماژەبوەشکراوە ”لە کۆبوونەوەکەدا قسەلەسەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، کە ئامانجی سەرەکیان هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە لە هەرێمی کوردستان”.
دەشڵێت ”لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە. هەروەها دووپاتمان کردەوە کە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نادەستوورییە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە و لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیشدا نییە”.
بارزانی باسی لەوەشکردووە، ”ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین، لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و دەستووری بۆ کێشەکان”.