بافڵ تاڵەبانی: مژدەی گەورە بە سلێمانی دراوە، بەڵام فەرامۆشکراوە

لڤین:
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، دەزانین دروشمی زۆر بەرزکراونەتەوە و مژدەی گەورە بە سلێمانی دراوە، بەڵام بەمەبەست بووبێت یان نا فەرامۆشکراوە، بەلام بەڵێنتان پێدەدەم جارێکیتر رێگەنادەین سلێمانی ببێتە قوربانیی ململانێکان .
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی شاری سلێمانییەوە رایگەیاند ”سلێمانی ھەمیشە سەربڵند و شکۆمەند بووە، بێدەنگ نابێت و پاشکۆبوون رەتدەکاتەوە. لەبەرامبەر ھیچ ھێزێک خۆی نەوی ناکات و وەک چیاکانی خۆڕاگر و پتەو دەمێنێتەوە. بەردەوام لەنوێبوونەوەدایە و زیندووێتی خۆی ون ناکات. لە رۆژانی خەبات دژی زوڵم و ستەم، سلێمانی بوو رۆڵەکانی خۆی دەکردە قوربانیی ئازادی و سەرفرازی بۆ ھەموو کوردستان. لە خەباتی دیموکراسی و مەدەنیشدا ھەر خۆی سەرمەشق بووە و مێژوو شایەتی ئەم راستییانە دەدات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ”دەزانین دروشمی زۆر بەرزکراونەتەوە و مژدەی گەورە بە سلێمانی دراوە، بەڵام بەمەبەست بووبێت یان نا فەرامۆشکراون.”
دەشڵێت ”بەڵێنتان پێدەدەم جارێکیتر رێگەنادەین سلێمانی ببێتە قوربانیی ململانێکان و غەدر لە سلێمانی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بکرێت. داھاتووش روونی دەکاتەوە کوڕە دڵسۆزەکانی سلێمانی کێن و کێ شان دەخاتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکان.”