ماکرۆن داوای لە پوتن کردوە هێرشە سەربازیەکانی ڕابگرێت

لڤین:
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بەرپرسێکی ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کردووە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا بهێنێت لە ئۆکرانیا.
هەروەها داواشی لێکردووە ئاسایشی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا بپارێزێت.
بەرپرسە فەڕەنسییەکە ئەوەشی وت کە ماکرۆن و پوتن ڕۆژی یەکشەممە بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کردووە.
کاتێکیش ماکرۆن سەبارەت بە ئاگرەکەی وێستگە ناوەکییەکەی ئۆکرانیا لە پوتنی پرسیوە، لە وەڵامدا کرێملن دەڵێت پوتن ” توندڕەوە ” ئۆکرانییەکانی بە بەرپرس داناوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیان بە نوێترین گفتوگۆکانی نێوان ماکرۆن و پوتندا. ماکرۆن بەردەوام لە پەیوەندیدا ماوەتەوە لەگەڵ پوتندا، بەڵام هاوشێوەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی دیکە، هێشتا نەیتوانیوە مۆسکۆ ڕازی بکات کۆتایی بە داگیرکارییەکەی بهێنێت لە ئۆکرانیا کە ماوەی 11 ڕۆژە بەردەوامە.