ئەو پلە باڵایانەی بە نایاسایی خانەنشینکراون مووچەکانیان نەبڕاوە

لڤین:
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدگەیاند، ئەوانەی بە پلەی باڵا بە نایاسایی خانەنیشین كراون هەشت مانگە ناوەكانیان جیاكراوەتەوە، بەڵام مووچەكانیان نەبڕدراوە.
عەلی حەمە ساڵح بڵاویكردەوە، بەدواداچوونی كردووە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی و دەڵێت: ئەوە ساڵێك و هەشت مانگە یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەماوەی ڕابردوودا حكومەت و وەزارەتی دارایی وتیان، مووچەی خانەنشینی نایاسایی وەزیر و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكاران ڕادەگیرێت، بەڵام دوای ساڵێك و هەشت مانگ تائێستا مووچەی هیچ یەكێك لەوانەی بە وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی و ڕاوێژكار و پلەی باڵا خانەنشین كراون ڕانەگیراوە، لەكاتێكدا هەشت مانگە ناوی ئەوانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون جیاكراوەتەوە، بەڵام بڕیاری بڕینی نەدراوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردووە، بەپێی یاسایی دەبوایە پاسەوانی ڕێكبخرایەتەوە، بەڵام دوای ساڵێك و هەشت مانگ بەرپرسەكان هەیانە لیوا و فەوجی هەیە، هەیانە سریەی هەیە تائێستا ڕێكنەخراوەتەوە.