سەرۆکى کۆمەڵ: ناتوانن بەو جۆرە حوكمڕانییە پڕستەمو گەندەڵییە حیزبییو بنەماڵەییە بەردەوام بن

لڤین:
عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لە یادى ٣١ ساڵەى راپەرێندا روو بە دەسەڵاتداران دەڵێت “ئەگەر خەڵكیش لێتان ڕانەپەڕێ، ناتوانن بەو جۆرە حوكمڕانییە پڕستەمو گەندەڵییە حیزبییو بنەماڵەییە، بەردەوام بن، چونكە ستەم (ظلم) لە بنهێنەرو كۆتایی پێهێنەری ستەمكارانە”.
هەروەها دەشڵێت “لەماوەی (31) ساڵ حوكمڕانیی گەندەڵو ناڕوونو قۆرخكارو ستەمكارتاندا، بەتەواویی كۆمەڵگای هەرێمتان لەڕووی ئیمانیی و ئەخلاقییو خێزانییو كۆمەڵایەتییو نەتەوایەتییو نیشتیمانییەوە، بنكۆڵ كردووە”.
دەقى راگەیەندراوەکەى سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان
بسم الله الرحمن الرحیم
یادی سیو یەك ساڵەی ڕاپەڕینو چەند هۆشدارییەك
یەكەم: بۆ خەڵكو جەماوەری هەرێمی كوردستان!
1-هەرێمەكەتان كه (31) ساڵ لەمەوبەر بەهۆی ڕاپەڕینەوە هاتەدی، ئێستا نیوەی ئەوكاتی لێ ماوەتەوەو حوكمڕانانیشمان مێشیان میوان نیە!
2-ئەوەی (31) ساڵ لەمەوبەر لەدژی ڕاپەڕین ئێستاش زۆربەی بەشێوەیەكی بێڕەزاتر هەیەو، ئەوەی لەپێناویشیدا ڕاپەڕین، زۆربەی هەرەزۆریتان لەدەستداو، ئێستاش هەر نیە!
3-ڕێزو حورمەتی مرۆڤ لە عەقڵو ئیرادەی ئازادی دایە، ئەدی چۆن خەڵكێكی زۆرتان قبووڵتان كردووە، دەرگای عەقڵتان گاڵە بدەنو، ویستی ئازادتان لەدەست بدەنو، بەدەست حیزبەوەو لەبەرانبەر پارەو ئیمتیازی حەڕامدا، بكرێنە ڕۆبۆت؟!
4-چۆن ڕازین كەمینەیەك بەوجۆرەی دەیبینین حوكمتان بكەن، چونكە (75%)ی خەڵك بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردو، لەو (25%)ش بڕێكی كەم دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی ئیدارەی ئەم وڵاتە دەدەن؟!
هەڵبەتە دەشزانن كە ئەو كەمینە كەمە، بەناوی هەمووتانەوە ئەو جۆرە حوكمڕانییە سەقەتو پڕستەمه دەكەن!
دووەم: بۆ حوكمڕانانی هەرێم!
1-دوای (31) ساڵ لە حوكمی وڵات، لە بەملیاردێركردنی كەمینەیەك لە حیزبو خزمو، هەژارو نهدارو بێ دەرەتان كردنی جەماوەرێكی زۆر، زهقتترین بەرهەمی حوكمڕانییهكهتانه!
2-(بانێكەو دوو هەوا) لەئێوە ڕوویداوە، دوای ڕیفڕاندۆمە هەرێم بەنیوەكەرەكە، بە بڕیاری دادگای فیدڕال ڕازیبوون ئێستاش لهوبارهوه شتێكی دیكە دەڵێن!
3-نازانم كەی دەگەنە ئەو قەناعەتە، كە ئەگەر خەڵكیش لێتان ڕانەپەڕێ، ناتوانن بەو جۆرە حوكمڕانییە پڕستەمو گەندەڵییە حیزبییو بنەماڵەییە، بەردەوام بن، چونكە ستەم (ظلم) لەبنهێنەرو كۆتایی پێهێنەری ستەمكارانە (وَكَمْ قَصَمْنَا مِن قَرْيَةٍ كَانَتْ ظَالِمَةً…) الأنبیاء -11-.
4- لەماوەی (31) ساڵ حوكمڕانیی گەندەڵو ناڕوونو قۆرخكارو ستەمكارتاندا، بەتەواویی كۆمەڵگای هەرێمتان لەڕووی ئیمانیی و ئەخلاقییو خێزانییو كۆمەڵایەتییو نەتەوایەتییو نیشتیمانییەوە، بنكۆڵ كردوەو، زۆر بەئاشكراو زەق، لەڕێی سۆشیال میدیاو كەناڵە بەپارەی نەوتو گومرگو باجو خەڕاجەوە تەمویل كراوكانهوه، كاری جیددییتان لەسەر ڕووخاندنی ڕەوشتو خێزانو ئەدەبو كلتووری ڕەسەنی كوردەواریی كردوەو، جگە لە كەمینەیەكی وابەستەو دابەستەی دەوروبەرتان، كە بەپارەی حەڕام بەخۆتانتانەوە شەتەكتان داون، زۆربەی خەڵك بەتایبەت چینی گەنجو لاوتان تەواو بێزارو نائومێد كردوە، چونكە دینتان لێ ستاندوونو دنیاشتان پێ نەداون!
بەپێویستم زانی لەم یادەدا، ئەو چەند پەیامە بخەمە ڕوو، وەك هۆشداریی دڵسۆزانە بۆ خەڵكو جەماوەرو بۆ حوكمڕانانی هەرێم، بهڵكو وههۆش بێنهوهو بیرێك بكهنهوهو چیدیكه خهڵك نائومێد نهكهن.
عەلی باپـیر
2/شەعبانی/ 1443 كـ
5/3/2020ز