مامۆستایانی ناڕازی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند

لڤین:
ئەنجومەنى سەرتاسەرى مامۆستایانى ناڕازى بایکۆتیان راگەیاند و دەڵێن، هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە بێتە پێش دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و بێباکی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسن.
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند: رۆژ دوای رۆژ نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و داهاتی ناوخۆ و گومرگ و باج بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و نرخی سەرجەم پێداویستییە بنەڕەتیەکانی ژیان بەرزبۆتەوە و هیچ پاساوێک بۆ دابەشنەکردنی موچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەماوە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییەوە
وەکو لای هەمووان ئاشکرایە ڕۆژ دوای ڕۆژ نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و داهاتی ناوخۆ و گومرگ و باج بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و نرخی سەرجەم پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیان بەرزبۆتەوە و هیچ پاساوێک بۆ دابەشنەکردنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەماوە.
بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینەڕوو
١ ــ سەرجەم قسەکانی سەرۆکی حکومەت ڕەتدەکەینەوە و پێمان وایە جگە لە پاساو هێناوەوە بۆ دزی و گەندەڵیێەکانیان هیچ شتێکی نوێی تیا نەبوو
٢ ــ هەڵوێستی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەو مامۆستا و خوێندنگایانەی بایکۆتیان کردووە و داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی دام و دەزگاکان دەکەین لە ڕۆژی یەکشەممە وە بەرواری ٦ / ٣ / ٢٠٢٢ بایکۆتی دەوام بکەن و دەوامی سەرجەم زانکۆ و قوتابخانە و فەرمانگەکان ڕابگرن . هاوکات داواکارین بۆ مانگەکانی ئایندەش لەئەگەر نەدانی مووچە بەسێ ڕۆژ جارێک بایکۆتی دەوام و خوێندن بکرێت .
له کۆتاییدا ڕای دەگەیەنین هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە بێتە پێش دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و بێباکی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسن .
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
٥ / ٣ / ٢٠٢٢