سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو: پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دابنیشین و یاسایی نەوت گاز دابڕێژینەوە

لڤین

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان وەڵامی وتەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دایەوەو ڕایدەگەیەنێت: پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دابنیشین و یاسایی نەوت گاز دابڕێژینەوەو دیسانەوە پێداچونەوە بە هەموو بڕگەكانی فرۆشتنی نەوت و گاز بكەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای فەڕمی حیزبەکەی ئەمڕۆ شەممە، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە: قەرزەكانی هەرێم كەی و لە كوێ كراوە كەس نازانێت و مانگانە بڕێكی زۆر پارە بەناوی قەرزەوە لە داهاتی هەرێم دەڕوات و كەسیش نازانێت بۆ كوێ دەڕوات و بەناوی قەرزەوە پارە لە هەرێم دەشاردرێتەوە.

ووتیشی: هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە بەغدا هیچی پێناكرێت و حكومەتی عێراق دەتوانێت سكاڵا لەسەر توركیا و هەموو ئەو كۆمپانیایانەی مامەڵەی نایاساییان لەگەڵ هەرێم كردووە تۆمار بكات و دەتوانێت دەست بەسەر خاڵە گومرگیەكان بگرێت و دەبێت بەرپرسانی هەرێم لەو ڕاستیانە تێبگەن و كێشەی زیاتر بۆ هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم دروست نەكات.

ئەوەشی خستەڕوو: دەسەڵاتی پەرلەمان پەك خراوە كە نەیتوانیوە بەرپرسانی گەندەڵ بانگهێشت بكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات كە هەموو داهاتی نەوت و ناوخۆ ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و دەسەڵات یاریەكی قێزەون لەسەر قوتی خەڵك دەكات وە سەورۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئاگاداری هەموو زانیارییەكانی نەوتن و خۆیان باش دەزانن پرسی نەوت بۆتە گرێ كوێرەو بۆیان ناكرێتنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button