بافڵ تاڵەبانی: بێباکی بەرامبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز هیوامان بۆ نەخواستووە

لڤین:

بافڵ تاڵەبانی لەیادی ڕاپەڕیندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا دەڵێت، نیگەرانی هاوڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).

هاوسەرۆکی یەکێتی وێڕای پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین دەشڵێت: بەداخەوە هەڵە و کەموکورتی لەنێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە رەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت)..

تاڵەبانی دەسڵێت: دەبێت ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدار و راچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی رابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی راپەڕین بەدیبهێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین. بێباکی بەرامبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز هیوامان بۆ نەخواستووە.

دەشڵێت: دەزانین کەموکورتیمان هەبووە و هەموو داواکارییەکانی خەڵک رەوایە و لەجێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەهیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت. رەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و هەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە راپەڕینمان بۆ کرد.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button