بزوتنەوەی گۆڕان لە بارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان ھۆشداری دەدات

لڤین:

بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، ئامانجەکانی راپەڕین نەهاتونەتەدی و بێباکی لە حوکمڕانی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ناشەفافی  هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات.

بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی یادی راپەڕینەوە رایگەیاند: ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی پڕ ئاڵنگاری و کێشمەکێشمی سیاسیی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان؛ (٣١) ساڵ بەسەر یادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕیت.

دەشڵێت: ئەم یادە بیرەوەری چرکەساتێکی مێژویی نەتەوەکەمانە، کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتو و پتەوەوە هاونیشتیمانیان و پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنیەکان دژی جەور و ستەمی رژێمی بەعس وەستانەوە.

‎جەخت دەکاتەوە کە؛ سیاسەتی ھەڵە و نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و بێباکی لە خواستی ھاونیشتیمانیان بۆ دامەزراندنی ھەرێمێکی دیموکرات و دادپەروەر، کوردستانی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی گەورە.

وتوشیەتی: لەگەڵ ئەوەی رەنج و ئارەقەی نێوچاوان و خوێنی شەھیدان و خەباتی سەدەیەک لە قوربانیدانی نەتەوەکەمان لە پێناو دەستکەوتی حیزبی و شەخسی کورتخایەن وا خەریکە بەھەدەر دەدرێت.

  هۆشداری دەدات لە مەترسیەکانی ئەو تونێلە تاریکەی ئەم ئەزمونە سیاسیەی پێدا تێدەپەڕێ، بانگەوازی پێکەوەکارکردن و یەکێتی نەتەوەیی دەکات بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی نیشتیمانسازی راستەقینە، کە گرنگترین هەنگاو چاکسازی لە ناوخۆ و رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستور لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button