سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا سزاکانی سەر ئێران درێژبکاتەوە

لڤین:

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا سزاکانی سەر ئێران، بۆ ساڵێکی تر درێژ بکرێنەوە. کۆشکی سپی دەڵێت ئەو سزایانەی کە لە 15 ی مانگی 3 ی ساڵی 1995 وە بە پێی بڕیاری باری نائاسایی نیشتمانی سەپێندراون بەسەر ئێراندا پاش 15 ی مانگی 3 ی 2022 ش بەردەوام دەبن.

بە پێی بەندەکانی ئەو بڕیارە لە ماوەی 90 ڕۆژی پێش ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی سزاکان ئەگەر سەرۆک داوای درێژکردنەوەی بڕیارەکە نەکات ئەوا بەردەوام نابێت و هەڵدەوەشێتەوە.

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپی کە سەرۆک بایدن مۆری کردووە هاتووە ” کردارەکان و ڕێبازەکانی حکومەتی ئێران- لەوانەدا بڵاوکردنەوە و دروستکردنی مووشەک و تەقەمەنی، کارە شەڕانگێزیەکانی لە هەرێمەکە، پشتگیریکردنی بۆ گروپە تیرۆرستییەکان و کار قێزەونەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و بەکرێگیراوەکانی- بەردەوام هەڕەشەیەکی نائاسایی و ناوەزەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، ڕێبازی دەرەوەیی و ئابوری ئەمەریکا.”

دەشڵێت هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە بڕیاری داوە ئەو یاسایە درێژ بکرێتەوە تەواوی سزاکان دژ بە ئێران بەردەوام بن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button