عەبدولستار مەجید: سەرۆکی حکومەت دانی بە شکستی حکومەتەکەیدا

لڤین:
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانی بە شکستی حکومەتەکەیدا نا و نەوت بە چەند بفرۆشن هەر (٩%)ی بەناوی دانەوەی قەرزەوە ون دەبێت.
عەبدولستار مەجید لە بارەی قسەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانی بە شکستی حکومەتەکەی و ئەو ڕاستیانەشدا نا کە ئێمەمانان و خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکە دەیڵێین و ئەوان ڕەتیدەکەنەوە .
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری دەشڵیت: نرخی نەوت هەرچەند بێت، نە پارە هەیە بۆ موچە و خزمەتگوزاریی، نە داهاتیش بەشی هیچ دەکات !چونکە نرخی نەوت هەرچەند بێت، بەقسەی خۆیان (٤٣%) دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان، داهاتەکەی هەرچەند بێت، دەبێ (٩%)ی بڕوات بۆ کرێی گواستنەوە کە ئەمیش هی کۆمپانیای خۆیانە.
دەشڵێت: بە چەند بیفرۆشن هەر (٩%)ی بەناوی دانەوەی قەرزەوە ون دەبێت و دیار نامێنێ بێ ئەوەی بزانرێت ئەم قەرزانە لە چی لایەنێک کراوە و بۆچی لە ساڵی ٢٠١٤ ــەوە هەر کەمی نەکرد؟.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ وتوشیەتی “باشە خۆ ئەم حکومەتە قەرزاری موچەی چەندین مانگی موچەخۆران و فەرمانبەرنی هەرێمن، ئەی نابێ هیچ نەبێ لەو قەرزانەی لاتانە، بیدەنەوە تا بزانین ڕاستە و قەرز دەدەنەوە”.
باسی لەوەشکردووە “دۆسێی نەوت لە گەڕان و دەرهێنانەوە تا فرۆشتنی، لە ناشەفافی و تاڵانی و کارەساتی گەورەدایە و ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت بەم قسانە ئەم هەموو سکانداڵە پەردەپۆش بکات، جگە لەوەی هەرجارێک قسە دەکات زیاتر شکستی خۆی لەبەرچاوی میللەتەکەی خۆی و عێراقیش ئاشکراتر دەکات”.