دوو پەرلەمانتار: بەبێ پارەکەی بەغداد داهاتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاترە لە یەک ترلیۆن دینار

لڤین:
دوو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن داهاتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاترە لە (یەک ترلیۆن دینار) بەبێ (٢٠٠) ملیارەکەی بەغداد.
گەریەکە لە شێرکۆ جەودەت و عومەر گوڵپی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: دواخستنی مووچەی مووچەخۆران و خەرجنەکردنی پێشینەی مانگانەی فەرمانگەو نەخۆشخانەکان و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی دەرمان و پاککردنەوەی شارەکان لەلایەن حکومەت و وەزارەتی داراییەوە هیچ پاساوێکی نیە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە دەشڵێن: داهاتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاترە لە (یەک ترلیۆن دینار) بەبێ (٢٠٠) ملیارەکەی بەغدا، ئەم پارەیەش بەشی مووچە و خەرجیەکانی خزمەتگوزاریی دەکات.
وتوشیانە: ئەگەر بەپێچەوانەی ئەم ڕاستیەوە زانیارییەکی تر هەیە، ئەوە بەرپرسیارێتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری داراییە کە بۆ خەڵکی کوردستانی ڕوون بکەنەوە داهات و پارەو قوتی خەڵکی کوردستان چی لێ دێت؟.