بافڵ تاڵەبانی: چاكسازی دەكەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەكێتی ناو یەكێتی پتەوتر دەكەین

لڤین:
بافڵ تاڵەبانی پەیامیکی تایبەتی بۆ دیداری یەکێتی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، چاكسازی دەكەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەكێتی ناو یەكێتی پتەوتر دەكەین. ئۆرگانەكانمان كاریگەر و چالاكتر دەكەین.
بافڵ تاڵەبانی دەربارەی دیداری یەکێتی پەیامێکی پشتیوانی بڵاو کردەوە و تیادا دەڵێت: لەم وێستگەی گۆڕانكارییە ریشەییەدا كە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال، چاكسازی دەكەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەكێتی ناو یەكێتی پتەوتر دەكەین. ئۆرگانەكانمان كاریگەر و چالاكتر دەكەین تاوەكو ماندوونەناسە ئەركەكان ڕابپەڕێنن و دڵسۆزانەتر كار بكەن.
ئەو دەشڵێت: ستراتیژێكی دوور مەودای سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و رێكخراوەیی كە خزمەت بە ژینگەی سیاسی و حكومڕانی لە عێراق بكات دەكەینە هەوێنی كاركردنمان.
تاڵەبانی باسی لەوەشکردووە “گەنجە خوێنگەرم و ژنە چالاكەكانمان هێزی لەبن نەهاتووی ئەم حیزبە نوێگەرە دەبن و پێشڕەویی ئەم خەباتە پیرۆزە دەكەن. پێشمەرگەی دێرین، زیندانیانی سیاسی، كەمئەندامانی سەنگەر و تێكۆشەران سەرمایەیەكی گەورەی یەكێتیین و ئەزموونەكانیان دەكەینە سەرمەشقی كاركردنمان”.