قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم ھە‌نگاوی باشی جێبە‌جێكردووە‌ لە‌ پرۆسە‌ی  چاكسازی

لڤین: 

 جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ھە‌نگاوی باشی جێبە‌جێكردووە‌ لە‌ پرۆسە‌ی چاكسازی لە‌ سێكتە‌رە‌ جیاجیاكان، دەشڵێت پێویستە هەماهەنگی بکریت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی لە عێراق دروست بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە‌ھە‌ولێر قوباد تاڵە‌بانی، لە‌گە‌ڵ كلێمێنچ زێمتنە‌ر كونسوڵی گشتی ئە‌ڵمانیا لە‌ ھە‌رێمی كوردستان کۆبوەوە و باسی پە‌یوە‌ندییە‌كان و قۆناغە‌كانی چاكسازی حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و دواپێشھاتە‌كانی عێراق کراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی لەکۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، ھە‌نگاوی باشیان جێبە‌جێكردوە‌ لە‌ پرۆسە‌ی گشتگیری چاكسازی لە‌ سێكتە‌رە‌ جیاجیاكان و، تیشكی خستە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی پرۆسە‌كە‌ بە‌ردەوامە‌ و سورن لە‌سە‌ر سە‌رپێخستنی. لە‌وبارە‌یە‌شەوە‌، ستایشی حكومە‌تی ئە‌ڵمانیای كرد كە‌ ھاوكاریان بوە‌ بۆ جێبە‌جێكردنی پلانە‌كانی چاكسازی و داوای كرد بە‌ردە‌وام بن لە‌ھاوكاریكردنی حكومە‌تی ھە‌رێم.

تاڵەبانی، باسی لە‌ دواپێشھاتە‌ سیاسییە‌كانی عێراق كرد و جە‌ختی كردە‌وە‌؛ پێویستە‌ ھە‌موو لایە‌نە‌كان ھە‌ماھە‌نگی بكە‌ن بۆ تێپە‌ڕاندنی ئە‌م دۆخەی پاش ھە‌ڵبژاردن بۆ ئە‌وە‌ی بۆشایی درووست نە‌بێت و زیان بە‌ بە‌رژە‌وە‌ندییە‌ گشتییە‌كان نەگە‌یە‌نێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button