دوای سێ ساڵ مانەوەیان لە بەغداد ڕووفاتی 171 ئەنفالكراو دەگەڕێندرێنەوە هەرێم

لڤین:
بڕیارە شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكات بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی 171 ئەنفالكراو.
عادل ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیارە بەمنزیكانە شاندێكی وەزارەت بە سەرۆكایەتی بریكاری وەزیر و ئەندامێتی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەت سەردانی پزیشكی دادی بەغداد و دەزگای شەهیدان و چەند دامەزراوەیەكی دیكە بكەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی شەهیدان راشیگەیاند، سەردانەكە بەمەبەستی هێنانەوەی ڕووفاتی ئەو ئەنفالكراوانەیە، كە لەساڵی 2019 لە بیابانەكانی سەماوە لە باشووری عێراق دەرهێنران و ژمارەیان 171 روفاتە.