سەرۆکی حکومەت: لەمساڵدا 9 ئافرەتی بێتاوان کوژراون

لڤین:
سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان ڕایگەیاند لەمساڵدا 9 ئافرەتی بێتاوان لە ئەنجامی توندوتیژی کوژراون و دەشڵێت، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند : زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌.
ئەو لە پەیامێکی نوسراودا لەبارەی سوتانی شنیار هونەر کە دەوترێت هاوسەرەکەی سوتاندویەتی دەڵێت: لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.
ئاشکرای کردووە: تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە.
وتوشیەتی: من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button