فراکسیۆنی سەدر: وەزیری دارایی بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زیادبوونی قەرزەکان

جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، وەزیری دارایی بەرپرسی یەکەمە لە بەرزبوونەوەی نرخی دراو و قەرزە دەرەکییەکان و زیادبوونی رێژەی قەرزی ناوخۆیی.
حاکم زاملی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر وتی: وڵاتی عێراق بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دراو هیچ سوودێکی نەبینیوە.
زاملی رایگەیاند، زیاتر لە 100 ئەندام واژۆیان کردووە و تیایدا داوایان کردووە وەزیری دارایی بێتە پەرلەمان و میوانداری بکرێت، لە کاتێکدا بە تەئکیدەوە بەرزکردنەوەی نرخی دراو کە لە چوارچێوەی چاکسازیدا دەرکراوە، هیچ سوودێکی نەگەیاندووەتە وڵاتەکەمان.
باسی لەوەشکرد وەزیری دارایی دەستوەردانی لە سیاسەتی نەختینەیی و چەندین کاروباری دەزگاکان کردووە، کەبوونەتە هۆی ئەوەی چەندین کەس سودمەند بن، بەڵام هیچ سودێک داهاتی حکومەت نەگەیشتووە.
وتیشی: ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەمان خۆدزینەوە بوو لەو بەرپرسیارێتییەی بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکان کەوتەوەتە سەر شانی.