قوباد تاڵەبانی: بیستنی ھەواڵی ژیانئاوایی شنیار خەمباری کردم

لڤین:
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو ژنەی کە دەوتریت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندرا ڕایگەیاند، بیستنی ھەواڵی ژیانئاوایی شنیار خەمباری کردم.
قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی گیان لە دەستدانی شنیار هونەر کە بە وتەی قوربانیەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە دەڵێت “شنیارخان ھاوڵاتیەکی بێ تاوان بوو، تەنھا ژن بوونی تاوانی بوو. لە کاتێکدا دەستخۆشی لە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکەم کە دەستبەجێ تاوانبارانی ئەم تاوانانە دەستگیردەکەن، بەڵام بە ئازارم کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ھێشتا لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین پیاوانێک ھەن وا بیردەکەنەوە کە ھەڕەشە، ئازاردان و کوشتنی ژنان ئاساییە”.
ئەو دەشڵێت: لەوەش بە ئازارتر ئەو بێ ھەڵوێستییە شەرمھێنەرەی کۆمەڵگاکەمانە. ئەرکی ئێمە تەنھا گرتن و سزادانی ژنکوژان نییە، بەڵکو وەک کۆمەڵگا پێکەوە بە پیر و گەنج، حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی، دادگا و مزگەوتەکان، بە یەک دەنگ بڵێین بەسە، چی دی جێی قبوڵ نییە و کاتی کۆتاییھێنانە بە کلتوری ژنکوشتن، چونکە ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە.