كۆنگره‌ی 4ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی توانی گۆڕانکاریی ئەنجامبدات؟

لڤین:
دوای کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری)، دوو ئاراستە و خوێندنەوە هاتە کایەوە، یەکێکیان پێی وایە گۆڕانکاریی گەورە و باش کراوە، بۆ چوونێکیش پێیوایە دەبوو گۆڕانکارییەکان جەوهەریتر بوایە، بە بۆچوونی شرۆڤە کارێک “پارته سیاسییه‌كان هێندەی بایه‌خ به‌پێگه‌یاندنی كادره‌كانیان بۆ كاندیدی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن، هێنده بایه‌خ به‌وه ناده‌ن په‌یمانگه‌یه‌كی شایسته‌یان بۆ پێگه‌یاندنی كادر هه‌بێت، تا له‌غیابی كه‌سی یه‌كه‌می پارته‌كانیاندا تووشی قه‌یرانی سیاسیی نه‌بن” ئەو شرۆڤەکارە چەند سەرنجێکی وردیش لە بارەی گۆڕینی ناو لەو حزبەدا دەخاتەڕوو.
دوای کۆنگرەی چوارەمیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، کە لە ڕۆژانی 18 و 19ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئەنجامدران لەوانەش لە ناوی حزبەکە و پۆستی کەسی یەکەمی حزبەکەدا، ناوی حزبەکەدا لە “کۆمەڵی ئیسلامی”یەوە بۆ “کۆمەڵی دادگەری” گۆڕدرا، ئەوەش دوو بۆ چوونی هێنایە ئاراوە. یەکێکیان، گۆڕینی ناوەکە وەک کارێکی باش و کرانەوەی زیاتر دەبینن، بۆ چوونێکی دیکەش پێیوایە کارەکە تەنها شکڵییە و دەبوو کاری زیاتر لەسەر ناوەرۆک بکرایە، لەو بارەیەوە دکتۆر سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم، شرۆڤەیەکی لە فەیسبوکی خۆی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا چەند سەرنجێکی خستووەتەڕوو، لێکدانەوەی بۆ لایەنە باش و خراپەکان و ئەنجامەکانی کۆنگرە کردووە.
دەقی شرۆڤەکەی د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم:
له‌باره‌ی كۆنگره‌ی (4) ی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه
كۆمه‌ڵی ئیسلامی پاش ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی له ڕۆژانی رابردوو، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له‌شێوه و ناوه‌ڕۆكی كاری سیاسیی ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌كان بۆ كۆنگره و ده‌رئه‌نجامه‌كانی به‌ده‌ر له‌كاریگه‌ری ئایدۆلۆجی هاوكات حوكمدان‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه زیاتر له‌وه‌ی بابه‌تی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی لابردنی پاشگری ئیسلامیی یان ناوی ئه‌میر بۆ سه‌رۆك باشه یا خراپه‌و…تاد. له‌كاتێكدا ده‌شێ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ش لێكدانه‌وه بكه‌یت بێئه‌وه‌ی حوكمی باش‌و خراپ بده‌یت، چونكه یه‌كه‌م ئیشی كه‌سی چاو‌دێر یا شرۆڤه‌كاری سیاسی نییه بڕیاری باش یا خراپ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی ئه‌و پارته ئه‌و بڕیارانه‌ی داوه‌و خۆیان لێی به‌رپرسن، دووه‌م دوێنێ كۆنگره‌كه ته‌واو بووه و هێشتا نه په‌یكه‌ری نوێی سیاسیی نه په‌یڕه‌و پرۆگرام كاری پێنه‌كراوه ئیتر له‌كوێ ده‌زانرێت ئه‌و گۆڕانكارییانه باشه یا خراپه؟
به‌هه‌رحاڵ به‌لای ئێمه‌وه چه‌ند سه‌رنجێك هه‌یه له‌وانه:
یه‌كه‌م- سه‌باره‌ت به‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی گۆڕینی ناوه‌كه بۆ كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، هێنده‌ی شتێكی كتوپڕ ده‌رده‌كه‌وێت پێناچێت هێنده بابه‌تێكی ته‌ته‌ڵه‌كراوی پێشوه‌خته بێت، چونكه پێش به‌ستنی كۆنگره نه له‌میدیای ئه‌و پارته‌دا و نه‌له‌هیچ میدیایه‌كی دیكه‌دا له‌مه‌ڕ كۆنگره‌ی ئه‌م پارته به‌شێوه‌ی جدی‌و گه‌رموگوڕ باس‌و خواس بۆ گۆڕینی ناوه‌كه‌ی له‌ئارادا نه‌بووه به‌جۆرێك، كه‌ئه‌گه‌ری گۆڕینی ناوه‌كه بكاته ئه‌مری واقیع‌و پێشبینیكراو بێت، هه‌روه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی چاودێری كاری سیاسیی جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامی له‌كوردستان ده‌كه‌ن ئه‌م ناو گۆڕینه پێشبینی نه‌كراو بوو، ئه‌گه‌رچی كۆنگره‌ی پێشووش هه‌وڵ هه‌بوو، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت، ئه‌وه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ریشه‌ی بیروباوه‌ڕیی‌و هزری كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌چێته خانه‌ی بزوتنه‌وه جیهادییه‌كانه‌وه و له‌خانه‌ی ئیسلامی شۆڕشگێڕیدا بووه و په‌روه‌رده‌ی ئیمانی‌و سیاسیشی له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه‌متر یارمه‌تیده‌ری لێكردنه‌وه‌ی ناونیشان‌و شوناسی ئیسلامییه له‌رواڵه‌تدا، راسته چه‌مكی دادگه‌ری كرۆكی فه‌لسه‌فه‌ی نیگای خوایی‌و هزری ئیسلامییه و ئامانجی سه‌ره‌كی‌و گه‌وره‌ی جوڵانه‌وه ئیسلامییه‌كانه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ به‌سروشت پارتێكی پابه‌ند‌و گرێ‌دراو به‌به‌رز راگرتنی دروشم‌و نه‌گۆڕه‌كانی ئاینی ئیسلام بووه‌و ئه‌مه‌شی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌كاری سیاسیی‌و بانگه‌واز‌و میدیاییشدا به‌رجه‌سته‌كردووه، به‌ڵام ته‌وزیفكردنی چه‌مكی دادگه‌ریی له‌كاری سیاسیی داهاتوویدا ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاستی ئاوێته‌كردن‌و وردكردنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و چه‌مكه له‌كاری سیاسیی‌و میدیایی‌و بانگه‌واز‌و رێكخراوه‌ییدا‌و كاتیشی ده‌وێت تاشوێنی خۆی بگرێت.
هاوكات ناوگۆڕینیش په‌یوه‌سته به‌ناوه‌ڕۆك‌و هزر‌و بیروباوه‌ڕی پارته‌كه‌وه، چونكه خۆ خه‌ڵكیتر نایه‌ت له‌بری سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته سیاسه‌ت بكات، جگه له‌وه‌ی ده‌یان پارتی سیاسی ئیسلامی تر له‌جیهانی ئیسلامی‌دا هه‌ن ناوی ئیسلامیان پێوه نیه‌و ئیسلامییشن له‌وانه (پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان له‌توركیا، بزوتنه‌وه‌ی داد‌و یه‌كسانی له‌سۆدان، پارتی داد‌و چاكه له‌عێراق).
دووه‌م- ئه‌وه‌ی جێی تێبینییه ئه‌وه‌یه كۆنگره هێنده‌ی ته‌ركیز‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرس‌و بابه‌ته سیاسییه‌كان بوو له‌رووی ئاڵوگۆڕ‌و گۆڕانكاری سیاسیی هێنده بایه‌خی به‌هه‌ندێ بواری گرنگی سیاسیی‌و په‌روه‌رده‌یی‌و میدیایی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خزمه‌تگوزاری نه‌داوه، هه‌ر بۆیه گۆڕانكارییه‌كان زیاتر له‌پرسه سیاسییه‌كاندا زه‌قبوونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا گۆڕانكاری له‌پرسه سیاسییه‌كان به‌ته‌نها به‌س نین بۆ نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ‌و هه‌ر پارتێكی سیاسی دیكه‌ش. ئێمه ده‌زانین له‌كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ له‌كۆی (68) به‌ربژێر (22) یان توانیان له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌رچن‌و ببنه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌و له‌وانه‌ش (4) یان ژن بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه‌ده‌بێ تا چوار ساڵی دیكه كۆنگره ده‌به‌سترێت چاوه‌ڕێ بێت تاده‌رفه‌تی رۆڵبینینی سیاسی بۆ بڕه‌خسێت، له‌كاتێكدا ده‌بوو كۆمه‌ڵ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا كه‌له‌سه‌ر ئاستی كاری سیاسیی‌و به‌شداری سیاسیی‌و كاری په‌رله‌مانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و كوردستان‌و بواری میدیا گه‌شه‌ی كردووه‌و كادیری گه‌نج‌و ناوه‌ندی تاڕاده‌یه‌ك پێگه‌یشتووه ئه‌نجومه‌نێك یا ناوه‌ند‌و په‌رله‌مان‌و شورایه‌كی گه‌نجانه‌ی پێكبهێنایه به‌بڕیاری كۆنگره‌و یه‌كێك له‌هه‌مواركردنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌كانی په‌یڕه‌و پرۆگرامی پارته‌كه‌ی، چونكه ئه‌و گه‌نجه‌ی پێگه‌یشتووه‌و تموحی سیاسی‌و رۆڵبینینی هه‌یه مانه‌وه‌و دانیشتنی به‌بێ ئه‌رك‌و وه‌زیفه‌ی جدی ده‌پوكێته‌وه‌و دواتریش پارته‌كه زیانمه‌ند ده‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌مه بۆ پارته سیاسییه‌كانی دیكه‌ش راسته.
سێیه‌م- سه‌باره‌ت به‌و ئه‌ندام‌و كادیر‌و سه‌ركرده سیاسیانه‌ی كۆمه‌ڵ، كه‌ساڵانێكی زۆره له‌نێو رابوونی ئیسلامی‌و جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا رۆڵیان هه‌بووه‌و شاره‌زاییه‌كی زۆریان كۆكردۆته‌وه له‌رابردوو له‌م كۆنگره‌شدا سه‌رباری ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كیان، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ش بێ وه‌زیفه ده‌مێننه‌وه، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵ ده‌یتوانی ئه‌نجومه‌ن‌و شورا‌و په‌رله‌مانێك بۆ ئه‌مانه‌ش دروست بكات‌و سوود له‌شاره‌زایی‌و تواناكانیان وه‌ربگرێت، چونكه ئه‌مه‌ریكا به‌و گه‌وره‌یی‌و رۆڵ‌و پێشكه‌وتنانه‌یه‌وه له‌كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌یدا ده‌ستبه‌رداری سیناتۆر‌و كه‌سه به‌ته‌مه‌ن‌و شاره‌زاكانیان نابێت‌و نیوه‌یان له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌گۆڕێن، به‌ڵام چ كۆمه‌ڵ‌و چ پارته سیاسیه‌كانی تر ئه‌م كه‌سه شاره‌زا‌و به‌ته‌مه‌نانه وه‌ك بار به‌سه‌ر حزبه‌كانیانه‌وه ده‌بینن‌و سودیان لێنابینن‌و به‌بیانووی هێنانه پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌و لاوانه‌وه پاش ماوه‌یه‌ك فه‌رامۆش ده‌كرێ.
چواره‌م- یه‌كێكیتر له‌و ره‌خنه و سه‌رنجانه بۆ كۆمه‌ڵ‌و زۆربه‌ی پارته سیاسییه‌كانی تر، نه‌مان‌و نه‌بوونی په‌یمانگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیره، پارته سیاسییه‌كان هێنده بایه‌خ به‌پێگه‌یاندنی كادره‌كانیان بۆ كاندیدی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن، هێنده بایه‌ح به‌وه ناده‌ن په‌یمانگه‌یه‌كی شایسته‌یان بۆ پێگه‌یاندنی كادر هه‌بێت، تا له‌غیابی كه‌سی یه‌كه‌می پارته‌كانیاندا تووشی قه‌یرانی سیاسیی نه‌بن، له‌كاتێكدا بناغه‌ی هه‌ر پارتێكی سیاسی‌و گره‌نتی ئاینده‌ی كاری سیاسی بوونی كادری به‌توانا‌و لێهاتووه.
پێنجه‌م- یه‌كێكیتر له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌بوو كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ به‌هه‌ندی وه‌ربگرتایه میدیای پارته‌كه‌ی بوو، به‌جۆرێك سه‌رباری گه‌شه‌كردنی كه‌ناڵ‌و میدیای په‌یام، به‌ڵام چه‌قبه‌ستنی ته‌نها وه‌ك كه‌ناڵێكی سیاسیی وایكردووه، رۆڵ‌و كاریگه‌ری دیاریكراو بێت، به‌تایبه‌ت به‌راورد به‌و هه‌موو كه‌ناڵانه‌ی تر رۆژانه له‌كوردستاندا ده‌كرێنه‌وه‌و وه‌زیفه‌و ئه‌جێندا‌و شێوازی كاركردنیان كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگییه، بۆیه گه‌ر كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یه‌وێت نوێبێته‌وه پێویسته میدیاكه‌شی به‌فۆرم‌و ناوه‌ڕۆك‌و وه‌زیفه نوێبێته‌وه‌و بایه‌خ به‌لایه‌نی فه‌رهه‌نگی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هونه‌ریش بدات.
شه‌شه‌م- سه‌رنجێكی تری كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ فه‌رامۆشكردنی بواری جه‌ماوه‌ریی‌و خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ئێمه ده‌زانین له‌هیچ فۆرمێكی كاركردنی نوێی سیاسی‌دا ئیشی پارتی سیاسیی ئه‌وه نییه هه‌موو كۆمه‌ڵگه بكاته ئه‌ندام‌و لایه‌نگری خۆی، به‌ڵام گرنگه خزمه‌تگوزاریی‌و پرۆژه‌كانی هه‌موو كۆمه‌ڵگه سوودی لێببینێت بێجیاوازی ئایین‌و هزر‌و ئینتیمای سیاسیی. یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كۆمه‌ڵ سودی لێبینی‌و بردیه ئاستێكی جه‌ماوه‌ریی باشتره‌وه، پرۆژه خێرخوازی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌ندروستییه‌كانی بوو، له‌به‌رنامه‌ی (به‌خشین)ه‌وه تا كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی به‌خشین له‌سه‌نته‌ری شاری سلێمانی‌و چه‌ند شارێكی تر، ئه‌م فۆرمه هه‌ندێجار وه‌ك ئاینداریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت رۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێت له‌سه‌لماندنی ته‌رجه‌مه‌كردنی دروشم‌و به‌رنامه‌ی سیاسی‌و ئاینی‌و خزمه‌تگوزاری پارته سیاسییه‌كان، ده‌بوو كۆمه‌ڵ له‌م كۆنگره‌دا‌و له‌په‌یڕه‌و‌و پرۆگرامدا شوێن‌و به‌ند‌و ماده‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكردایه‌و پلان‌و پرۆژه‌ی نوێ‌و زیاتری بۆ په‌ره‌پێدان‌و گه‌شه‌پێدانی هه‌بووایه، به‌تایبه‌ت تێبینی ده‌كه‌ین بژێوی‌و ته‌ندروستی خه‌ڵك تادێت خراپ ده‌بێت‌و كه‌رتی ته‌ندروستی له‌بازرگانی پێوه‌كردنێكی مه‌ترسیداردایه‌و خه‌ڵك ئاتاجی به‌و جۆره كاره خێرخوازی‌و نه‌خۆشخانه ته‌ندروستییه میللییانه هه‌یه.
حه‌وته‌م- ره‌خنه‌یه‌كی تر فه‌رامۆشكردنی بواری په‌روه‌رده‌ییه به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ی نوێ‌و سه‌رده‌میانه، ئێمه ده‌زانین رۆژانه كێشه‌و گیروگرفتی گه‌وره به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گرێت، رۆژانه هه‌واڵی جه‌رگبڕ به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی په‌روه‌رده‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی رۆڵی خێزان ده‌بیستین، بۆیه ده‌بوو كۆمه‌ڵ له‌كۆنگره‌دا یه‌كێك له‌بڕیاره‌كانی پێكهێنانی كۆمه‌ڵێك ناوه‌ند‌و سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی‌و تواناكانی مناڵان‌و گه‌نجان بووایه، بۆئه‌وه‌ی هه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر‌و ته‌ندروستمان هه‌بێت، هه‌م سوود له‌تواناكانی مناڵانی به‌هره‌مه‌ند‌و گه‌نجانیش وه‌ربگیرێت، چونكه هه‌ر فه‌رامۆشكردنێكی ئه‌و بواره مایه‌ی زیانی گه‌وره‌یه له‌ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌و بواری په‌روه‌رده‌و خێزان.
دواجار ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باسكران گرنگتره ئه‌وه‌یه، كه‌پێویسته كۆمه‌ڵ به‌شدار بێت له‌جێگیركردنی چه‌مكه ئایینی‌و مرۆییه‌كانی تایبه‌ت به‌مافی هاوڵاتیبو‌ون‌و قوڵكردنه‌وه‌ی ئازادی‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان، به‌جۆرێك ماف‌و ئازادی ژنێكی حیجاب‌و ژنێكی بێ له‌چك‌و حیجاب به‌ئه‌ركی خۆی بزانێت‌و وه‌ك یه‌ك ته‌ماشایان بكات‌و چه‌مكی دادگه‌ری به‌شێوازه نوێیه‌كه‌ی راڤه‌و ورد بكاته‌وه‌و له‌كاری سیاسی‌و په‌رله‌مانی‌و میدیاییدا ره‌نگبداته‌وه.