ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ٥٠ ھەزار مەتر زەوی عەلوەی ھەولێر بدرێت بە کەرتی تایبەت

لڤین:

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، دەستێك هەیە دەیەوێت (٥٠) هەزار مەتر زەوی لە هەولێر بداتە كەرتی تایبەت.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانمان ویستێك هەیە لە حكومەتی هەرێم كە عەلوەی هەولێر بدات بە كەرتی تایبەت. بێشك ئەم بڕیارە زۆر مەترسیدارە و لێكەوتی سەختی دەبێت چونكە ئەم زەوییە نزیكەی (٢٠) دۆنمە واتا نزیكە بە (٥٠) هەزار مەتر، كە شوێنێكی زۆر ستراتیجییە.

دەشڵێت، لەو عەلوەیە نزیكەی (١٠٠) مەحەل- یەكەی كاركردن- هەن، و لە هەر مەحەلێك نزیكەی (٣٠-٤٠) كەس كار دەكەن. واتا كۆی گشتی نزیكەی (٣) هەزار كەس كاری تێدا دەكەن، هاوكات نزیك بە (٣) هەزار دەستگێڕ ڕۆژانە بەشێك یان تەواوی بژێویی ژیانییان دابین دەكەن لە ڕێگەی كاركردنەوە.

بەپێی وتەی ئەو پەڕلەمانتارە، ویستێك هەیە كە ئەو عەلوەیە بدرێتە كەرتی تایبەت، لە كاتێكدا ئەوانەی لەوێ خاوەنی مەحەلن گرێبەستێكیان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم كە لە ٢٠١٣-دەست پێدەكات و لە ٢٠٣٨ كۆتایی پێدێت.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، ئەم بڕیارە مەترسیدارە و دەبێت بەزووترین كات ڕابگیرێت، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی پەرلەمانی جیددیمان دەبێت.

گەزنەیی دەشڵێت، كۆی بەڵگە و زانیارییەكانمان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار و لیژنەی پەرلەمانی تایبەتمەند كردووە بۆ مەبەستی ڕێگریكردن لەم كارەمەترسیدارە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button