دۆخی عێراق !

لە فەیسبووکی دڵشاد ئەنوەر وەرگیراوە
وا دیارە دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، خەریکە هێزە شیعەکان و وڵاتانی پشتیوانیان لە گفتووگۆ و فشار بێزار دەبن، یاخود نائومێد دەبن و هەستەکەن زۆر ئەنجامی نابێت.
ئەو هێزانە هەوڵێکی تر دەدەن بە ئاراستەی ڕێککەوتن، گەر ئەنجامی نەبێت، ڕەنگە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی بڕوات، هەر ئەمەش هۆکاری تویتەکەی دوێنێ شەوی سەدر بوو، کە ڕایگەیاند هەڕەشە کردن لە هاوپەیمانەکانی قەبوڵ ناکات.
بەدواشیدا، بارەگایەکی حەلبوسی کرایە ئامانج، دواتر حەلبوسیش پەیامێکی بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند، لەچەک ناترسن.
بۆیە ڕەنگە لەمەودوا ئاراستەی فشارەکان بگۆڕێن، گەر حەلبوسی بەپاڵپشتی وڵاتانی ئیقلیم مل نەدات بۆ خواستی هێزە شیعەکان ، رەنگە قۆناغی داهاتوو فشاری قورستتر بێت بۆ سەر پارتی و خودی سەدر.
دوور نیە دەوروبەری سەدریش بکرێتە ئامانج، تا چیتر تەحەدا نەکات، چونکە هێزە شیعەکان وا لەم ڕێککەوتنە سێ قۆڵیە دەڕوانن، هەوڵێکە بۆ بچوککردنەوەی ململانێکان، بەو مانایەی ئەم سێ لایەنە هەوڵی بەمەرجەع بوونی پێکهاتەکانیان دەدەن.
ڕەنگە واشبێت، سەدر مالکی بە ڕکابەری خۆی دەزانێت لە نێو شیعەدا، ڤیتۆی لەسەری هەیەو نایەوێ بیباتە نێو حکومەتەوە، تا لەم کابینەدا هێندە بچوکی بکاتەوە، ڕکابەری نەمێنێت، چونکە سەدر دەمێکە خەونی بەمەرجەع بوونی هەیە لە دوای سستانی، یەکێک لەو فشارانەی هەمیشە لە کۆبوونەوە داخراوەکان لێی کراوە، ناهێڵن ببێتە مەرجەع، گەر مل نەدات.
خۆ هەمان سیناریۆی بەمەرجەع بوون بۆ کوردیش ڕاستە و هەوڵی بۆ دەدرێ، سونەکانیش خۆیان ریکخستوەتەوە و دەیانەوێ لەو پەرتەوازەییە دەربازیان ببێت.
کەواتە خەونی دروستبوونی سێ مەرجەع لە عێراق بوونی هەیە، گەر هێزە شیعەکان و ئێران شکست بهێنن و ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە بەردەوام بێت، ئەوان هەنگاوێک لەم خەونە نزیک دەبنەوە، بەڵام پێناچێت ئێران و هێزە شیعەکان دەستەوەستان بن بەرامبەر بە سەرگرتنی ئەم خەونە، کە دەبێتە هۆی لە قاڵبدانی پێگەو بەرژەوەندیەکانیشیان.