وەزارەتی بازرگانی لەبارەی بەشە ئاردی هاوڵاتیان دڵنیایی دەدات

لڤین:
وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، هاوڵاتییان دڵنیادەكاتەوە كە ئاردی بەشەخۆراكی مانگانە بێ كێشەیە و دەتوانن بەكاری بهێنن.
بەپێی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی هەرێمەوە بڵاومكرایەوە “لیژنەی بەدواداچوون و تیمی فەرمانبەرانی دروستكراوی دانەوێڵەی هەولێر، بریكارەكانی دابەشكردنی ئاردیان لەچەند شوێنێك بەسەركردووە و بۆیان دەركەوتووە ئاردەكە بێ كێشەیە و هاوڵاتیانیش دەتوانن بێ دوودڵی لە بریكارەكانیان وەربگرن”.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لەسەر فەرمانی (نەوزاد شێخ كامل) بەرێوەبەری گشتی بازرگانی، رۆژی چوارشەممە 16-2-2022، لیژنەی بەدواداچوون و تیمی فەرمانبەرانی دروستكراوی دانەوێڵەی هەولێر، بریكارەكانی دابەشكردنی ئارد لە ناحیەی (بەحركە، گوندی قەرەبەك، قەڵا مورتك، جەژنیكان) و بنكەكانی 211 و 213 بەسەركردەوە، سەردانەكان بۆ پشكنینی ئاردی بریكارەكانە، دوای سەردانی كۆمەڵێك بریكار لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوت ئاردەكە بەبێ كێشەیە.
باسی لەوەشکردووە: سەردانە هەڕەمەكی و لە ناكاوەكانی تیمی بەرێوەبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵەی هەولێر بەردەوام دەبن، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە تەندروست و باشی ئەو ئاردەیە بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەكرێت، لە میانی سەردانەكەدا سەردانی چەند سەمونخانە و نانەوانەخانەیەكی ناو شاری هەولێریان كرد بۆ چاودێریكردن و بەڕێوەچوونی كارەكان و جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی دروستكراوی دانەوێڵەی هەولێر.