١١ ساڵ دوای خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات دۆخی هەرێم خراپتر بووە

لڤین:

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ١٧ی شوبات، یادی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستانە، دوای ١١ ساڵ تێپەڕبوون، بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هێشتا خواستەکانی خەڵک وەک خۆی ماون و برینەکانی ئەوکات کە بە ڕژانی خوێنی ڕێژوانی تەمەن ١٥ ساڵ لەبەردەم لقی ٤ی پارتی دەستیپێکرد، خوێنی لێدەتکێت. 

١١ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، کە هاوکات بوو لەگەڵ بەهاری عەرەبیی، خەڵکی شاری سلێمانی، بۆ داواکردنی خزمەتگوزارییەکان و فەراهەمکردنی ئازادیی و ژیانێکی باشتر لە بەردەرکی سەرا خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان کرد، کە دواتر لە شار و شارۆچکەکانی دیکە درێژەی پێدرا و ماوەی زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە.

خۆپیشاندانەکە لەکاتێکدا گرژی تێکەوت کاتێک خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی لە ئێوارەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، بەرەو شەقامی سالم بەڕێکەوتن و لەکاتی تێپەڕبوونیان بە بەردەم بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، پاسەوانانی بارەگاکەی پارتی بە چەکەوە لە سەربانی بارەگاکەیانەوە، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە گەنجێكی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی ڕێژوان عەلی شەهید بوو، چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، کە هێشتا برینی جەستەیی بەشێکیان هاوشێوەی خواستەکانیان ساڕێژ نەبووە.

لە ڕۆژانی دوای ١٧ی شوباتدا، خۆپیشاندانەکان زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کە لە ماوەی زیاتر لە ٦٠ڕۆژی بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکاندا لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، كەلار و چەمچەماڵ، ١٠ گەنج بە گوللـەی چەکداران و پاسەوانانی بارەگا حزبییەکان شەهیدبوون و دەیان کەسی دیکەش لە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و دوای زیاتر لە دوو مانگیش خۆپیشاندانەکان بەبەکارهێنانی هێز لەو ناوچانە کۆتاییان پیهێنرا، ئەوە جگە لەوەی دەسەڵاتدارانی پارتی بە زەبری هێز ڕێگەیان نەدا لە هەولێر و دهۆک خەڵک ناڕەزایی دەرببڕن و تائێستاش بەشێکی زۆر لە تەقەکەرەکان و بەرپرسەکانیان سزا نەدراون.

ئەگەرچی ئەوکات خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێهێنرا، بەڵام هێشتا ناو بەناو لە خەڵک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەردەوامن، هەرچەندە هەمووجار خۆپیشاندانەکان بە بونی دەستی دەرەکی لە پشتیان تۆمەتبار دەکرێت و بە زەبری هێز کۆتاییان پێ دەهێندرێت بەڵام داواکاریەکان هەروەک خۆیانن و زیاتر بوون کەم نەکراونەتەوە.

حکومەتی هەریم بەردەوام گوشارەکانی لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا تا دێت خراپتر دەبێت ئەگەرچی داخوازیەکانی خەڵک لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ وەرگرتنی موچە لە ٣٠ ڕۆژ جارێکدا و دابینکردنی سویەمەنی و ئاو و کارەبا.

بە مانایەکی دیکە ژیانی خەڵک بەراورد بە خۆپشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١ ڕووی لە پاشەکشێ کردووە و خواستەکانی خەڵک دابەزیون بە هۆی ئەوەی خەڵک پێیان وایە سیستەمی سیایس لە هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button