خاوەن کۆمپانیاکەی شوقەشی پێدابوو بەڵام شەش دەفتەر دۆلاری لێدزی

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە هێزەکانیان کەسێکیان بە تۆمەتی دزینی 60 هەزار دۆلار دەستگیرکردوە کە کارمەندی کۆمپانیایەک بووە و دزی لە خاوەن کارەکەی کردووە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە تۆمەتبارە بە دزیکردن لە خاوەنکارەکەی کە کارمەندی کۆمپانیایەک بووە لە دهۆک.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لەئێستادا تۆمەتبار راگیراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ روداوەکە کراوەتەوە.

تۆمەتبارەکە بە پۆلیسی راگەیاندوە، رۆژێک لەکاتی پاکردنەوەی کۆمپانیا شەش دەفتەر دۆلاری بینیوە و بردویەتییەوە بۆ ماڵەوە، دواتریش ترساوە و نەیوێراوە بیگەڕێنێتەوە لەسەر ئەوەی بە دزیکردن تاوانباری دەکەن.

وتەبێژی پۆلیس وتیشی ئەو کەسە لەلایەن خاوەن کۆمپانیاکەوە شوقەیەکی پیدراوە و وەک کوڕی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کردووە و ئەو کەسەش کە دزیەکەی ئەنجامداوە ئاماژەی بەوەکردووە کە خاوەن کۆمپانیاکە زۆر باش بووە لەگەڵیدا بەڵام ئەو هەڵەی کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button