یەکێتی هەڵوێستی خۆی لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاند

لڤین: 

وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند، دەبوو لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا مافە دەستوورییەکانی هەرێم ڕەچاوبکرایە و دەشڵێت، داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێلنەکرێت.

ئەمین بابەشێخ، ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت، وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبووایە لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاوبکرایە.

وتەبێژی یەکێتی دەسڵێت: دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویستبوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق”.

ئەمین بابە شێخ وتیشی: داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێلنەکرێت، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی تر، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

داوا لە گشت لایەنەکان دەکات بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەربکرێن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button