گۆڕان: جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان دەکەینەوە

لڤین:

بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان دەکەینەوە، بەشێوەیەک بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵیزم و مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد پارێزراوبێت.

بزوتنەوەی گۆڕان لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ نەوت و گازی ھەرێم  راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیادا ھاتووە: جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان دەکەینەوە، بەشێوەیەک بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵیزم و مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد پارێزراوبێت.

بزوتنەووکە دەشڵێت، جەخت لەسەر مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان دەکەین.

‎راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە..

‎دوابەدوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستوریی لە قەڵەم دا، پێویستمان بە خۆڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادییە؛ بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستبونی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز.

‎بەپشت بەستن بە مادە دەستوریەکان؛ نەوت و گاز موڵکی گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا، هەروەک حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە نەخشەکێشان بۆ ستراتیژی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز بەشێوەک زۆرترین سودی بۆ ھاوڵاتیان بێت.

‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان دەکەینەوە، بەشێوەیەک بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵیزم و مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد پارێزراوبێت. جەخت لەسەر مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان دەکەین، بەتایبەت کە حکومەتی هەرێم پەرە بە چاکسازی گشتگیر بدات کە پشتیوانی خەڵک بۆ سیاسەتەکانی دەستەبەر بکات و پێداچونەوە و چاکسازی لە کەرتی وزەدا بکات.

‎ھەروەک رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، لە وتارێکدا بە ناونیشانی کێشەی نەوت لەنێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی ھەرێمدا، لە ساڵی (٢٠٠٧)دا دەنوسێت :”نابێ کورد بەھیچ جۆرێک و لەژێر ھیچ گوشارێکی ناوەکی و دەرەکیدا دەستھەڵگرێ لە مافەکانی خۆی، مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان لەوانە نەوت و غاز و ئاو، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ئەم گرێبەستانە ئەوەیە لە تاریکی دا و لە ژوری داخراودا بێ ئاگاداری خەڵکی کوردستان ئەنجامدراوە. بۆئەوەی حکومەتی ھەرێم لەم لایەنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند بەھێزبێ، ئەبێ پشتئەستور بێ بە پشتیوانی خەڵک، بۆئەوەی پشتیوانی خەڵک بەدەستبھێنێ ئەبێ لە ھەمو ھەنگاوەکانی لە رۆشنایی دا و بە ئاشکرا کاربکات”.

‎لە (١٥) ساڵی رابردو و دوای دەرچواندنی یاسای نەوت و گازی ھەرێم، دروستنەکردنی کۆمپانیای نیشتیمانی و سندوقی داھاتە نەوتییەکان، گەندەڵی و بەھەدەردانی سامان، نەبونی شەفافیەت و زانیاری پێویست لەبارەی داهاتی نەوت؛ متمانەی هاوڵاتیانی بە دۆسیەی سامانە سروشتیەکان لاواز کردوە، هەر ئەم فاکتەرەش وایکردوە خەڵکی کوردستان بە گومانەوە لە سیاسەت و داھاتی نەوت بڕوانن. بۆ رەوینەی گومان و چارەسەری کێشەکان پێویستە سیاسەتی نەوتی ھەرێم شەفاف بێت و داھاتەکەشی بخرێتە خزمەتی باشکردنی ئاستی بژێوی ژیانی خەڵک.

‎١٦ی٢ی٢٠٢٢

گۆڕانیش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕەتکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button