باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبویەوە

لڤین: 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە سەرۆکی پارتی ڕاگەیاند هانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەدات بە لەیەکتێگەیشتن و هەماهەنگی گرفتەکان چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ۱٦ی شوباتی ۲٠۲۲ لە سەلاحەدین  مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی لە دیدارەکەدا کە ڕۆبێرت پاڵادینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو بارودۆخی عێراق و دوایین پێشهات و هاوکێشەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکانی دوای یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران.
لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە پێویستیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراق کرایەوە “باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی بە وردی بایەخ بە گۆڕانکاری و ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق دەدات و هانی هەموو لایەک و هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەدات بە لەیەکتێگەیشتن و هەماهەنگی گرفتەکان چارەسەر بکەن”.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیریی و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button