هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداریەک ئاراستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکات

لڤین:
هاتووچۆی سلێمانی رایگهیاند، ئاگاداری سەرجەم ناوەندی قوتابخانەو باخچەی ساوایان و دایەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکات، ئەو پاسانەی کە کاری گواستنەوەی خوێندکار و قوتابی و منداڵان دەکات، پێویستە پابەند بن به رێنماییهكانهوه.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئهمڕۆ چوارشهممه بڵاویكردهوه، ئاگاداری سەرجەم ناوەندی قوتابخانەو باخچەی ساوایان و دایەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکات، پێویستە بە پێی ژمارەی کوشنی ناو ئەو پاسانە نەفەر سەربخەن، وە بەپێی یاسای هاتووچۆ سەرخستنی نەفەری زیادە قەدەغەیە.
ئاماژهی بهوهشكردووه، پێویستە هەموو پاسێک چاودێرێکی سەر بە ئیدارەی ئەو شوێنە کە پاسەکە کاری بۆ دەکات تیایدا بێت، ڕۆڵی ئەو چاودێرە ئەوەیە کە ڕێگە نەدات بەو شۆفێرە سەرکێشی و تیژڕەوی و بەکارهێنانی مۆبایل و ڕۆیشتن بە پێچەوانەی ئاڕاستە و پێچکردنەوە لە شوێنی قەدەغە یاخود گۆرانی و ئاوازێک بە دەنگێکی بەرز بە چەشنێک دابنێت کە ببێتە مایەی نەهێشتنی ئارامی سەرنشینانی ناو پاسەکە یاخود هەر سەرپێچییەکی دیکە بکات، وە بە پێچەوانەوە ئاگاداری ئیدارەی خۆی بکات لە ڕەفتاری ئەو شۆفێرە کە دەبێتە مایەی مەترسی رووداو و کارەساتی هاتووچۆیی نەخوازراو.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی دهشڵێت “داواکارین لەو شۆفێرانەی کە ئەم ئاگادارییە دەیانگرێتەوە زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی سەلامەتی سەرنشینی ناو پاسەکانیان بکەن وە ئاگاداریان دەکەین کە رەفتارەکانیان لە کاتی سەرپێچی کردندا بە پێی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ لێپێچینەوەو لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لە هیچ کەس و لە ژێر هەر پاساوێک ناکرێت”.
ئهوهش خراوهتهڕو، “داواکارین لەلایەنە پەیوەندیدارە بەڕێزەکان وەک لیژنە تایبەتمەندەکانی قائیمقامیەتی شاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی بەپێی تایبەتمەندی بۆ ئەم ئاگادارییە بەدواداچون و لێپرسینەوە بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە لە لایەنە سەرپێچیکارەکان بکەن”.