نێچیرڤان بارزانی: پابەندن بەوەی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا بكرێن

لڤین:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پابەندن بەوەی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا بكرێن.  وتیشی” دەستووریش دەبێ كۆكەرەوە و پەسندی هەمووان بێت”

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە مارك برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و شاندێكی یاوەری كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا وتی”پرۆسەی سیاسی لە عیراق، هەڵبژاردن و ئاكامەكانی، دانیشتنی یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هەنگاوەكانی دوای ئەوە و گرنگیی پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق تاوتوێكران.”

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای خستنەڕووی پوختەیەك دەربارەی كۆی دۆخەكە وتێشی “عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستییان بە ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ئەوەی‌ بتوانرێت بەرنامەیەك جێبەجێ بكرێت كە لە بەرژەوەندیی تەواوی پێكهاتەكانی عێراقدا بێت.”

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردوولا جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا كردەوە، هەروەها باس لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ كرا.

لەبارەی  دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان باس لە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان كرا و تیشك خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور.

لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە “هەرێمی كوردستان پابە‌ندە بەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و دەستووریش دەبێ كۆكەرەوە و پەسندی هەمووان بێت و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ بەغداش هەماهەنگی بكرێت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button