لەسەر ڕوداوەكەی شەوی ڕابردووی سلێمانی 9 کەس دەستگیركران

لڤین:
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لەگەڕەكی كانی سپیكە لەشاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خاوەن ماركێتێك و چەند كەسێكدا دروستبو و بەهۆیەوە 4 كەس بەچەقۆ بریندار بوون.
پۆلیسی سلێمانی لە بارەی ئەو ڕووداوە بڵاویكردووەتەوە: مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی هەواری شار و بەهاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن 8 تۆمەتبار لەو ڕووداوەدا دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئوتومبێلێك و، دوو چەك لە جۆری كڵاشینكۆف ، دەمانچە و چەند چەقۆیەكدا.
پۆلیس ئاشکراشی کردووە: لە لایەن بنكەی پۆلیسی هەواری شارەوە توانرا تۆمەتبارێكی دیكە لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیربكرێت.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران كە ژمارەیان نۆ كەسە، بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .