مەسرور بارزانی بۆ باسکردنی چەند دۆسیەیەک لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کۆبوەوە

لڤین:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتكارانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە گەیاندا باسی چەند تەوەرێکی جیاوازی کرد و ڕوونیکردەوە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت.
نوسینگهی سهرۆكی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له راگهیهنراوێكدا بڵاویكردهوه، مەسرور بارزانی پێشوازی له کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتكارانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کرد و لەگەڵیاندا کۆبوەوە.
لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە ئاشکرای کرد، سەرۆکی حکومەت باسی لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی نویی عێراق کرد.
بارزانی لە کۆبونەوەکەدا وتویەتی حکومەتی داهاتووی عێراق “پێویستە حکومەتێک بێت خزمەتی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات”، باسی لەوەشکرد هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکومەتی هەریم وتیشی “وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام نەمانهێشتوە ئەو کێشە و ناکۆکییانە، ڕەنگدانەوەی نەرێنی لە ناو حکومەتی هەرێمدا دروست بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە پەیوەندیی و هەماهەنگییەکی باش لە نێوان ئەندامان و بەشدارانی کابینەی نۆیەمدا هەیە”.