تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان بە مەرجی نوێ دەستپێدەکاتەوە

لڤین:
وەزارەتى بازرگانى هەرێم رایگەیاند، تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان بەپێی مەرج و رێنمایی نوێی كوالێتی دەرمان دەستپێدەکاتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتی بازرگانی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەىتۆمارکردنی کۆمپانیاکانی دەرمان چەند رێكارێك دەگیرێتەبەر كە ببێتە هۆی پاراستنی كواڵیتی دەرمان و دەستەبەر بوونی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە بازاڕ و نەهێشتنی قۆڕخكاری و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆی دانەمەزراو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: رۆژی 6-2-2022 كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کۆبونەوەیەک ئەنجامدراوە.
لەو کۆبونوەوەیەدا “دوای گفتوگۆ و گۆرینەوەی بیروڕا و بۆچوونەكان بە پێویست زانرا كە رێگە بدرێت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان بە مەرجێك چەند رێكارێك بگیرێتە بەر كە ببێتە هۆی پاراستنی كواڵیتی دەرمان و دەستەبەر بوونی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە بازاڕ و نەهێشتنی قۆڕخكاری و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆی دانەمەزراو”.
کۆبونەوەکە بڕیاریداوە “راسپاردەی هاوبەش بەرزبكرێتەوە بۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزیری تەندروستی، پاش رەزامەندی دواتر بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە بە مەبەستی بریاردان و جێبەجێكردنی كردنی دەستپێكردنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان”.